لە هۆڵێکی تاقیکردنەوەکان لە بەغدا منداڵێک لە دایکبوو

K24 - هەولێر

لە حاڵەتێکی دەگمەندا، لە یەکێک لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوە لە بەغدا منداڵێک لە دایکبوو.

کەریم سەید گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی(X) رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 22-8-2023 لە هۆڵی تاقیکردنەوەی پەروەردەی رەسافەی دوو لە بەغدا منداڵێک لە دایکبووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئافرەتەکە لە کاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم منداڵەکەی بووە.

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە تویتەکەدا، بەناوی وەزارەتی پەروەردە پیرۆزبایی لە دایکبوونی منداڵەکەی کردووە و هیوای ساغی و سەلامەتی بۆ خواستووە، هەروەها سوپاسی کادیرانی وەزارەتەکەیانی کردووە بۆ ئاسانکاری و یارمەتیدانیان لەو کارە مرۆییە.

ئەوە لە کاتێکدایە، لە رۆژی دوو شەممە 21-8-2023ـەوە تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم لە عێراق دەستیانپێکردووە.