بنەماڵەی نیاز دەرگەڵەیی چەند دەنگۆیەک رەتدەکەنەوەو کردەکە به‌ تیرۆر وه‌سف ده‌كه‌ن

روونکردنەوەیەک لە بنەماڵەی نیاز دەرگەڵەییەوە

K24 – هەولێر

بنەماڵەی نیاز دەرگەڵەیی، ئەو بەرپرسەی یەکێتی کە لە رانیە کوژرا، لە روونکردنەوەیەکدا هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە کە لەبارەی کوژرانی بڵاوکراونەتەوە و دەڵێن: "پێویستە چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دەزگا پەیوەندیدارەکان بکەین بۆ دەرخستن و ئاشکراکردنی  ئەو کردە تیرۆریستییە نامرۆڤانەیە".

لە روونیکردنەوەکەدا هاتووە: "لەچەند رۆژی رابردوو، سەدان هەواڵی نادروست و داتاشراو، کە پڕن لە زانیاری نادروست لەبارەی شەهیدبوونی کاک نیاز دەرگەڵەییەوە بڵاوکراونەتەوە، کە ئێمە پێمانوایە بەشێک لەو هەواڵە نادروستانە بۆ بەلاڕێدابردنی رەوتی لێکۆڵینەوەکانن و بەمەبەست بەو شێوەیە هەڵسوکەوت لەگەڵ رووداوەکەدا دەکرێت. لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە سەراپای ئەو هەواڵانە بەتایبەت ئەوەی لە سۆشیال میدیا بڵاو دەکرێنەوە هیچ راستییەکیان تێدا نییە، بەتایبەت کە تێکڕایان زادەی بیرکردنەوەی خۆیانن و هیچ کەسێک لە هێزە ئەمنیەکان و لە بنەماڵەکەشمان هیچ جۆرە زانیارییان پێنەداون، بۆیە پێویستە هەموومان چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دەزگا پەیوەندیدارەکان بکەین بۆ دەرخستن و ئاشکراکردنی  ئەو کردە تیرۆریستییە نامرۆڤانەیە".

ئاماژە بەوەشکراوە: "بۆ ئاگاداری هەموو لایەک، ئێمە وەکو بنەماڵە هیچ لێدوانێک لەوبارەیەوە نادەین تا گەیشتن بە ڕاستییەکان، ئەوکات لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا  تەواوی راستییەکان بە هاووڵاتییانمان دەگەیەنین".

ئێوارەی رۆژی هەینی 18/8/2023، نیاز دەرگەڵەیی ئەندامی ئەنجومەنی پێشووی یەکێتی، لەناو باخەکەی خۆی لە رانیە کوژرا، تائێستاش هێزە ئەمنییەکانی رانیە هیچ لێدوان و راگەیەندراوێکیان لەسەر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئەو کردەیە بڵاو نەکردووەتەوە.