پێشانگایەکی هاوبەشی نیگارکێشی لە گەلەریی میدیا کرایەوە

K24 - هەولێر

سێ هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی هونەری شێوەکاری هەولێر پێشانگایەکی نیگارکێشیان لە گەلەریی میدیا کردەوه، کە زیاتر لە 40 تابلۆی زەیتی و رەنگاوڕەنگ لەخۆگرتبوو.

لە پێشانگاکەدا هونەرمەندان سرووشت و جوانی و دابونەریتە کوردییەکانیان کردبوو، بە خامی هونەرەکەیان و بە چەپکە گوڵ پێشوازی لە کارە هونەرییەکانیان کرا.

جەمیل ئارام قوبادی، یەکێک لە هونەرمەندە بەشداربووەکانی پێشانگاکەیە بۆ کوردستان24 گوتی: لەگەڵ پەرچین سۆما و سومەیە چیمەن مورادی، گوڵبژێرێک لە تابلۆ و بەرهەمە ناوازەکانی خۆمان لە رۆژهەڵاتەوە هێنایە باشووری کوردستان و لەم هۆڵەدا رەنگ و جوانییەکانی سرووشتمان وەک خۆی نیشانی ئامادەبوواندا، هەروەها بەشێک لەو نیگارانەی کێشاومانە وێنەی راستەقینە و ژیانی دانیشتووانی لادێکانن و سەختیەکانی ژیانیان بووەتە خامێک بۆ کارە هونەرییەکانی ئێمەی هونەرمەند.

لەو پێشانگایەدا هەریەک لە د. ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە و فەرهەنگ غەفوور بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر و ئازاد لەشکری بەڕێوەبەری هونەری شێوەکاری هەولێر و سەلیم قادر پێشانگاکەیان کردەوە، ماوەی دوو رۆژیش بەردەوام دەبێت.

.
.