هاکان فیدان یەکەم سەردانی وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق ئەنجام دەدات

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا

K24 – هەولێر:

هاکان فیدان بەدوای کردنەوەی دەرگایەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ بەغداد و هەولێر دەگەڕێت و یەکەم سەردانیشی وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق ئەنجامدەدات.

وابڕیارە رۆژی سێشەممە (22ـی ئابی 2023) هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی دوو رۆژە بگاتە بەغدا و دواتریش سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و چەند دیدارێک لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی فیدراڵی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات.

پێشتر هاکان فیدان چەندین جار سەردانی عێراقی کردووە وەک سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت)، گفتوگۆکانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لە چوارچێوەی دۆسیەی ئەمنی و پاراستنی سنوورەکان و شەڕی رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە بوو، بەڵام دوای راگەیاندنی کابینەی نوێی حکومەتی تورکیا لە (3ـی حوزەیرانی 2023) و دەستنیشانکردنی هاکان فیدان، وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا، وایکردووە سەردانی ئەمجارەی فیدان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان چەندین دۆسیەی دیکەش لەخۆبگرێت.

لە دوای بوومەلەرزەکەی شوباتی ئەمساڵ و هەڵبژاردنەکانی ئایاری رابردوو، تورکیا لە هەوڵی هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە لەناوچەکە و لەگەڵ ئەو وڵاتانەی، ناکۆکی سیاسی لەنێوانیاندا هەبوو، لەوانەش لەگەڵ ئیمارات، سعوودیە، ئیسرائیل و میسر لە پەیوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکاندا بەرەوپێشچوونی باشی بڕیوە و لەگەڵ سووریاش لە هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیدایە.

ئەوەی تایبەت بێت بە عێراق، تورکیا لە هەوڵی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانیدایە و لە رێگەی ئەوەشەوە دەیەوێت سوود لە کارتەکانی دۆسیەی ئاو و هەناردەکردنی نەوت لە بەندەری جەیهان وەربگرێت بۆ ئەوەی بەغدا لە دۆسیەی شەڕی گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان و شنگال هاوکاری بکات.

رۆژی سێشەممە (22ـی ئابی 2023)، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ کوردستان24 بەرنامەی سەردانەکەی هاکان فیدانی بۆ بەغدا ئاشکرا کرد و رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق کۆدەبێتەوە.

هەروەها رۆژی یەکشەممە (20ـی ئابی 2023)، پێشه‌وا هەورامی، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، لەمیانی سەردانەکەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان دەکات لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

بەشێک لە چاودێران ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان وەک ئامادەکاری بۆ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق دادەنێن کە وابڕیارە لەمساڵدا وەک یەکەم سەردانی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق لەوەتی سەردانەکەی تورگوت ئۆزال لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، هەرچەندە لە ساڵانی 2008 و 2011، ئەردۆغان وەک سەرۆکوەزیرانی تورکیا سەردانی بەغدای کرد لەوکاتەشدا نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو.

هەرچەندە لە (21ـی ئاداری 2023)، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە و لەبارەی دۆسیەکانی ئەمنی، ئابووری، بازرگانی و سیاسیی گفتۆگۆیان کرد لەگەڵ ئەوەشدا، دۆسیەی ئاو گرنگترین خاڵی گفتوگۆکانی نێوانیان بوو.

یەکێک لە ئامانجەکانی ئەنقەرە، بەشداریکردنی کۆمپانیا تورکییەکانە لە پرۆژەی دروستکردنی پرۆژەی رێگای گەشەپێدان، کە بە شاڕێی ئابووری عێراق دادەنرێت بۆ بەیەک بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو بە ئەوروپا، کە گوژمەی ئەو پرۆژەیە 17 ملیار دۆلارە و وابڕیارە لە سەرەتای ساڵی 2024 دەستپێدەکات و لە 2028 کۆتایی پێدێت، کە درێژی هێلی ئاسنینەکەی بریتییە لە هەزار و 175 کیلۆمەتر و رێگەی وشکانییەکەش هەزار و 190 کیلۆمەتر درێژە و هەردوو رێگەکە هاوتەریب پێکەوە دروست دەکرێن و یەکتر نابڕن، تەنیا لە باکووری پارێزگای کەربەلا نەبێت دەگەنەوە یەک.

بۆ ئەم مەبەستەش رۆژی (14ـی تەمموزی 2023)، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پێگەیشت و لەمیانەیدا، باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە و ئەردۆغانیش ئامادەیی وڵاتەکەی و کۆمپانیا تورکییەکانی بۆ کارکردن لە پرۆژەی رێگای گەشەپێدان دەربڕیوە، بۆ بەشداریکردن لەو دەرفەتە ئابوورییە کە ئاڵوگۆڕ و پەیوەندی نێوان هەردوو زیاتر بەرەو پێشەوە دەبات و خزمەتی هەموو ناوچەکەش دەکات.

هاوکات یەکێکی دیکە لە ئەجێندای سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ عێراق، وەرگرتنی دڵنیاییە لە بەغدا کە کار بۆ نەهێشتنی چالاکییەکانی پەکەکە دەکات، هەروەها هەوڵیش دەدات لە رێگەی عێراقەوە، پەیام بۆ گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران بنێرێت کە نەبنە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە عێراق، بەتایبەتی ئەو گرووپە چەکدارییانەی حەشدی شەعبی کە چالاکییەکانیان نزیکن لە بارەگا سەربازییەکانی سوپای تورکیا.