ئەوروپا.. لەمساڵدا زیاتر لە 70 هەزار کەس بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما گیانیان لەدەستداوە

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ئەوروپا
بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ئەوروپا

K24 - هەولێر

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی پزیشکی و ئامارێکی فەرمی هاوینی ئەمساڵ، تەنیا لە ئەوروپا زیاتر لە 70 هەزار کەس بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە. بە بەراود بە هاوینی ساڵی رابردوو ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە 8 هەزار کەس زیاترە. بەگوێرەی کەسناسی وڵاتان ئەم شەپۆلی گەرمایە تا 26ی ئەم مانگەش بەردەوام دەبێت.

هێشتا ئەو شەپۆلە گەرمایەی رووی لە جیهان کردووە تێنەپەڕیوە، لە ئۆسترالیا و چەند وڵاتێکی ئەوروپی هۆشداری بەرزتربوونەوەی پلەکانی گەرما دەدرێت، مەترسی ئەوەش هەیە گواستنەوەی گشتی و تەزووی کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی دیکە پەکیان بکەوێت و ژمارەی گیانلەدەستدان و نەخۆشکەوتن بەهۆی گەرماوە زیاتر ببێت. بەشێوەیەک بە بەراورد بە ساڵی رابردوو ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی گەرماوە گیان لەدەستدەدەن 8 هەزار زیاتر بێت.

پەیمانگەی ناوەندیی کەشناسی و مێترۆدانامیکی ئوسترالیا، خزمەتگوزاری کەشناسی ئەڵمانیا و سویسرا و پێشبینی دەکەن پلەکانی گەرما بۆ 35 پلەی سیلیزی و لە ئیتالیاش بۆ 37 پلەی سیلیزی بەرزبنەوە. وەزارەتی تەندروستی ئیتاڵیاش لە 16 شاری وڵاتەکەی هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان بەهەمان شێوەی مانگی رابردوو لە ماڵەکانیان بمێننەوە و خۆیان لەو شەپۆلە گەرمایە بپارێزن.

فانی چاوڤیو، گەشتیارێکی فەرەنسییە و دەڵێت: "هەموو ئامادەکاری خۆمان کردووە و پلانمانداناوە. دوێنێ بێتاقەت بووم بە گەرما، چونکە لە ڤاتیکان بووم 10 خولەکێک لەبەر گەرما راوەستام. ئەو شارانەی ئیتالیا وەزارەتی تەندروستی وەک گەرمترین ناوچە دەستنیشانی کردوون بەدڵنیاییەوە سەردانیان ناکەم."

بەگوێرەی رێنماییە تەندروستیەکانی سی دی سی و وەزارتی تەندروستی وڵاتان منداڵ، بەتەمەن و ژنانی دووگیان و ئەوانەی رەبۆ و کێشەی هەناسەدانیان هەیە زۆرتر مەترسیان لەسەرە.

بەلام زۆریشن ئەوانەی هیچ مەترسییان نیە و بە گەرما بێزارنابن، لە ئیسپانیاش پلەکانی گەرما بۆ 43 پلەی سیلیزی بەرزبوونەتەوە، ئەوانەی لە ناوچە گەرمەکان ژیان راهاتوون و بە شتێکی ئاسایی دەزانن.

مانۆلۆ،  گەشتیارێکی لە ئیسپانیا و لەوبارەوە ئاماژە بەوە دەکات: "لە زاراگۆزا بەلامەوە سەیرە ئەوەندە گەرمە، هەرچەندە من لە هەرێمی تیروێلەوە هاتوون و راهاتووم بە گەرما چونکە ئەوێش هەر زۆر گەرمە. لە هەموو ئیسپانیا زۆر گەرمە و گۆرانی کەشوهەواش کاریگەری هەیە و لە ئاستی ئاسایی بەرزترە بەڵام هیچ کێشەم نیە."

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی پزیشکی زانستی و ئاماری فەرمی ئای ئێس گڵۆباڵ هاوینی ئەمساڵ تەنیا لە ئەوروپا زیاتر لە 70 هەزار کەس بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە. رێژەی گیانلەدەستدانی ژنان لەسەدا 63 لە پیاوان زیاترە و بە زۆری ئەوانەی تەمەنیان لە سەروو 65 ساڵییەوەیە مەترسییان لەسەرە.

ئەگەر وڵاتان کار بکەن و بتوانن تەنیا یەک پلەی سیلیزی پلەی گەرمای گۆی زەوی نزمبکەنەوە، مرۆڤایەتی لە کارەساتێکی زۆر مەترسیدار رزگاری دەبێت.

لویس پۆرچێت کەشناسی مێتیۆ فرانس ئەوە دەخاتەڕوو: "پێش ساڵانی 2000 زۆر بە دەگمەن پلەکانی گەرما دەگەیشتنە 40 پلەی سیلیزی؛ بەڵام ئەمساڵ زیاتر لە 13 جار 40 پلەی سیلیزی تێپەراندووە. ئەمەش زۆر نائاساییە هۆکارەکەی گۆرانی خێرای کەشوهەوایە و مەترسیی و لێکەوتەکانیشی زۆر زیادبوون."

وەزارتی تەندروستی وڵاتان داوا دەکەن هاوڵاتیان تا پێیاندەکرێت لە ماڵەکانیان بمێننەوە، ئەگەر پێویست بوو بێنە دەرەوە دەبێ لە کاتە گەرمەکاندا نەبێت، خۆیان لە بەرکەوتنی راستەوخۆی تیشکی خۆر بپارێزن و ئاو و شلەمەنی بخۆنەوە و لە خواردنەوە کحولییەکانیش دوورکەونەوە. ئەو جلوبەرگانە لەبەرکەن لە لۆکە دروستکراون و لە حاڵەتێکدا هەستیان بە هەناسە تەنگی و بێتاقەتی کرد سەردانی نەخۆشخانە بکەن