گەندەڵی برینەکانی عێراقی قووڵتر کردووە

خۆپیشاندانێکی عێراقییەکان لە دژی گەندەڵی (ئەرشیف)
خۆپیشاندانێکی عێراقییەکان لە دژی گەندەڵی (ئەرشیف)

K24 - هەولێر

گەندەڵی برینەکانی عێراقی قووڵتر کردووە، بە شێوەیەک لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا رەگی قووڵی داكوتاوه ‌و تاوەکو ئێستا بەهۆی نەبوونی ئیرادە و کۆدەنگی سیاسی نەتوانراوە کۆنترۆڵ بکرێت.

بەرپرسانی عێراق نکۆڵی لە بوونی گەندەڵی بەربڵاو ناکەن. محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشتر رایگەیاندووە، ئەگەر رێوشوێن بەرامبەر "گەندەڵکاران و ئامرازەکانیان" نەگیرێتەبەر، گەندەڵی هەڕەشە لە هەموو بەرنامە و پلانەکانی حکومەت دەکات.

دەستەی باڵای عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی رایگەیاند، توانییان تۆڕێکی گەندەڵکاران هەڵبوەشێنێتەوە کە پێکهاتبوو لە بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتەکانی داد، بازرگانی، کارەبا، ناوخۆ، بەرگری، بیناسازی و نیشتەجێکردن کە گرێبەستی ساختەیان کردبوو و بە ناوی دەسەڵاتە باڵاکانی دەوڵەتەوە دەرکرابوون.

سەرۆکی ئەو تۆڕە گەندەڵییە، وەک دەستەی باڵای عێراق ئاماژەی پێ کردووە، یاریدەدەری دادوەرێک بووە، لەهەمانکاتدا دەست بەسەر کتێب و مۆری ساختەکراودا گیراوە کە تایبەتن بە نووسینگەی سەرۆکی حکومەت و وەزارەتی بازرگانی.

تۆڕەکە لە ماوەکانی رابردوودا زیاتر لە سێ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە لە بەرانبەر وەرگرتنی ڕەزامەندی (ساختە) بۆ پێنج پارچە زەویی سەر بە وەزارەتی بازرگانی.

عێراق لە ریزبەندی گەندەڵترین وڵاتەکانی جیهاندایە، بە پێی پێوەرەکانی تێڕوانینی گەندەڵی کە لەلایەن رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتییەوە کە لە ساڵی 2021 دەرکراوە، عێراق لە ریزبەندی 157ی جیهانیدا بووە لە نێوان 180 وڵاتدا، ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە وڵاتەکە بەدەست کێشەیەکی گەورەوە دەناڵێنێت.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق، کانوونی دووەمی رابردوو، فەرمانی دەستگیرکردنی نوێی لە دژی بەرپرسانی حکومەتی پێشوو دەرکرد کە دەستیان لە "دزی سەدە"دا هەبووە.


ئامادەکردن: کاوار ساڵح