سەدا 75ی شیشی هەرێمی کوردستان هەناردەی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 11 کارگەی بەرهەمهێنانی شیش هەن

K24 - هەولێر

ساڵانە نزیکەی سێ ملیۆن تۆن شیش لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت، لە کاتێکدا  پێداویستی ناوخۆ نزیکەی 500 هەزار تۆنە، بۆیە سەدا 75ی هەناردەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە مەبەستی گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆ باجی لەسەر شیشی هاوردە داناوە، کە بۆ هەر تۆنێک 30 دۆلاری خستووەتە سەر.

لە مەیدانی فرۆشتنی شیش لە هەولێر، شیشی ناوخۆ و شیشی هاوردەیی لێدەفرۆشرێت و هەندێک جاریش شیشەکان کۆگا دەکەن، حکومەتی هەرێمی کوردستان باجی لەسەر شیشی هاوردە داناوە، هەر تۆنێک 30 دۆلاری خستووەتە سەر، شیشی هاوردە لە 580 دۆلارەوە بووەتە 610 دۆلار، نرخی شیشی ناوخۆ تۆنی نزیکەی 675 دۆلارە. بازرگانێکی شیش دەڵێت: کوالێتی شیشی ناوخۆ زۆر لە شیشی هاوردە باشترە.

بەکر قادرم بازرگانی شیش بە کوردستان24ی گوت: "ئەگەر لەبەر نرخ نەبێت زۆربەی هاووڵاتیان شیشی ناوخۆ دەکڕن، چونکە کوالێتی باشترە، بۆ ئێمەش وەکو بازرگان باشترە کە شیشی ناوخۆ بکڕین، من وەکو بازرگان ئەگەر بیرکاربم لە کارگەیەکی شیشی هەولێر مەترسی لەسەر پارەکەم نییە، بەڵام کە بایی دوو ملیۆن دۆلار شیش لە ئێران دەکڕم دڵم بە پارەکەمەوەیە، یەک کێشە لەو وڵاتە رووبدات پارەکەم لەدەست دەچێت، ماوەی دوو ساڵە 160 هەزار دۆلارم لە کارگەیەکی ئێرانە نە شیشەکەم پێدەدات و نە پارەکەشم دەداتەوە".

کارگەی شیشی هەولێر، یەکێکە لە گەورەترین کارگەکانی شیش لە هەرێمی کوردستان، بە ئاسنی ناوخۆ شیشی هەشت ملیمی تا 32 ملیمی دروستدەکات، زیاتر لە هەزار هەلی کاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بۆ هاووڵاتیان رەخساندووە. ساڵانە لە توانایدایە 700 هەزار تۆن بەرهەم بهێنێت، خاوەنی کارگەکەش دەڵێت: دوای ئەوەی باج خراوەتە سەر شیشی هاوردە، فرۆشی شیشی کارگەکە زیادیکردووە.

شوان گەلیاوا، خاوەنی کارگەی شیش لە هەولێر بە کوردستان24ی گوت: "لەماوەی رابردوودا بەهۆی هاوردەکردنی شیش تووشی کێشەی بێ بازاڕی بووین، دوای نیگەرانی و گەیاندنی ناڕەزایەتی بە لایەنی پەیوەندیدار، باج لەسەر شیشی هاوردە زیاد کرا، ئەمەش بە مەبەستی گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆ، دوای جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە بەرهەممان زیادکردووە".