ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر: پێشنیاز بۆ وەزارەتی کارەبا دەکەین پێداچوونەوە بە نرخی کارەبای سیتییەکان بکات

پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە هەولێر
پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە هەولێر

K24 - هەولێر:

ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەبارەی رەوشی کارەبا کۆدەبێتەوە و سەرۆکی ئەنجومەنەکەش دەڵێت: پێشنیاز بۆ وەزارەتی کارەبا دەکەین پێداچوونەوە بە نرخی کارەبای سیتییەکان بکات.

عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، گفتوگۆکانمان لەسەر سیستەمی پریپەید دەبێت، هەروەها رێژەی ئەو کارەبایەی کە دەدرێتە هەولێر، دهۆک و سلێمانی.

وەک سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی پێکرد، سیستەمی پریپەید، سیستەمێکی باشە و لە رابردوودا لەنێو بازاڕەکان تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتوو بووە، گوتیشی: ئەوەی جێگەی نیگەرانی هاووڵاتییانە کە لە (سیتییەکان) پرۆژەکانی نیشتەجێبوون جێبەجێکراوە، ئەوەیە کە نرخی کارەبا لەو شوێنانە هاوتای شوێنی بازرگانییە کە ئەمە بارگرانی بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە، بەجۆرێک نرخەکەی لە 18 دینارەوە بووەتە 180 دینار.

راشیگەیاند، ئەوان وەک ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ناتوانن پرۆژەی وەزارەتەکان رەت بکەنەوە، چونکە لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە، تەنیا بەپێی یاسا دەسەڵاتیان ئەوەیە کە ئەگەر هاتوو لە حاڵەتێك ئەنجومەنی پارێزگا، رێکنەکەوت لەگەڵ پلانی وەزارەت لەسەر پرۆژەیەک، دەبێت پێشنیازی پرۆژەی جێگرەوەی بۆ بکات، کە ریزبەندی پێ بدرێت.

عەلی رەشید ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەوان دوو پێشنیاز بۆ وەزارەتی کارەبا دەکەن، یەکەمیان، پێداچوونەوە بە نرخی کارەبای پرۆژەکانی نیشتەجێبوون (سیتییەکان) بکات، بۆئەوەی بار قورسییەک لەسەر هاووڵتییان کەم ببێتەوە.

هەرچی سەبارەت بە پێشنیازی دووەمە، ئەوەیە کە پێش 15ـی 9ـی 2023، وەزارەتی کارەبا تێستی داخوازی لەسەر ئاستی وەرزی بکات و بۆ هەموو پارێزگاکان جێبەجێ بکرێت.

گوتیشی: ئێمە گرفتمان نییە ئەگەر سلێمانی و دهۆک کەمێک زیاتریش کارەبایان پێ بدرێت، چونکە ئێمە هەموومان پێکەوە گرێ دراوین، بەڵام هاووڵاتی هەولێریش ناکرێت لە مانگێکدا بۆ ئەمپێرێک شەش هەزار دینار بدات، لەکاتێکدا لە دهۆک و سلێمانی نرخی ئەمپێرێک هەزار بۆ دوو هەزار دینار بێت، بۆیە دەبێت ئەو نرخانە بڕێک لەیەک نزیک ببنەوە.