مالیكی لەبەر چاوی كورد نەھاتووەتە سلێمانی

سەركردەیەكی یەكێتی:
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لە میانی بەشداریكردنی لە گەشتی ھەواڵەكانی كوردستان24 مستەفا چاوەڕەش ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەبارەی سەردانی فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان بۆ لای یەكێتی و گۆڕان رایگەیاند: "ئەم ھاتنە ھەنگاوێكی زۆر باشە و دەبێ ھەموو خەڵك پشتیوانی لێ بكات".

گوتیشی: "با واز لەوە بێنین لە شاشەی تەلەفزیۆنەكان قسە بەیەكتر بڵێین، كاك مەسعوود پێشنیاری كردووە ھەموو لایەنە سیاسییەكان كۆببنەوە، دەتوانن لەوێ ھەموو لایەكان قسەی خۆیان بكەن".

سەبارەت بە سەردانەكەی نوری مالیكی بۆ سلێمانی مستەفا چاوەڕەش گوتی: "مالیكی مووچەی خەڵكی بڕی و ھێزی دیجلە و حەشدی شەعبی بۆ دروستكردین، بۆیە پێشیان گوتبام بۆ پێشوازی نەدەچووم رەنگە بۆ بەھێزكردنی خۆیان ھاتبێ ئەگینا لەبەر چاوی كورد نەھاتووە، بۆیە سەردانەكەی مالیكی بۆ سلێمانی دەماری گرتم، ساڵی 2008 لەگەڵ ژمارەیەك سەركردە و فەرماندەی پێشمەرگە سێ مانگ لە ناوچەی خانەقین پێشمان لە ھێزەكەی نوری مالیكی گرت كە دەیویست خانەقین بگرێت بەشەڕ لەوێ ماینەوە مالیكی ئەو پیاوەیە".

لەبارەی سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستان ئەو ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێ: "عێراق توانای نەماوە و ھیچی بۆ ئێمە نەكرد و ھیچی نەماوە تا ئێمە لەگەڵ عێراق بمێنینەوە، ھیچ شتیك نەماوە لەگەڵ عێراق بمان بەستێتەوە، بۆیە ھیوادارم سەركردایەتی كورد كۆبێتەوە و یەكێك لەو وشتانەی باس بكرێت ئەوەیە كە چیمان لەگەڵ عێراق ماوە، كاتی ئەوەیە كورد ریفراندۆم بۆ چارەنووسی خۆی ئەنجام بدات و ئێمە وەك یەكێتی لەگەڵ ریفراندۆم داین".

دەربارەی داواكەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان مستەفا چاوڕەش گوتی: "ئێمە ئامادەین بۆ كۆبوونەوە، بەڵام نازانم ئەو سەركردایەتیە ھاوبەشەی یەكێتی و گۆڕان كە پێكھاتووە ھەڵوێستیان چۆنە، ھیواخوازین سەردانەكەی كاك فوئاد حوسێن ھەنگاوی دیكەی بەدواوەبێت".

باسی لەوەشكرد: "پێویستە بارودۆخی كوردستان ئاسایی بكرێتەوە و بە جیدی بیری لێ بكرێتەوە وڵاتان پشتیوانیمان لێ دەكەن، ھەر دوێنێ لە كۆنگرەی دیموكراتەكانی ئەمریكا نوێنەرەكەیان رایگەیاند، پێویستە عێراق بكرێت بە سێ بەش و كورد ھەقی خۆی پێبدرێت ئیدارەی خۆی ھەیە و توانای خۆ بەڕێوەبردنی ھەیە".