لوبنان بە بەیاسایەک داواکراوانی نێودەوڵەتی دەپارێزێت و رادەستیان ناکاتەوە

K24 - هەولێر

بەپێی سەرچاوە دادوەرییەکان، داواکراوانی لوبنانی کە لەلایەن دادگا نێودەوڵەتییەکانەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، بە یاسایەکی لوبنان پارێزراون کە رێگری دەکات لە رادەستکردنەوەی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە بۆ دادگاییکردن لە وڵاتێکی دیکە.

ناوی ئەو داواکراوانەی کە لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری نێودەوڵەتیەوە ساواکراون زۆرن، لە پارێزگاری پێشووی بانکی ناوەندی لوبنان ریاز سەلامەوە تا سەرۆکی هاوپەیمانی "رینۆ- نیسان"، کارلۆس گوسن، کە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری ژاپۆنەوە داواکراوە، هەروەها دادگای نێودەوڵەتی داوای رادەستکردنی تۆمەتبارانی تیرۆرکردنی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری لوبنان، رەفیق حەریری دەکات کە لە ساڵی 2005دا تیرۆرکرا. کە دەسەڵاتدارانی لوبنان دەڵێن نەمان توانیووە ئەو تۆمەتبارانە بدۆزینەوە.

دەسەڵاتی دادوەری لوبنان رەتیکردەوە، گوسن و سەلامە رادەستبکاتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هەردووکیان خاوەنی رەگەزنامەی لوبنانین، ئەگەر سەلمێندرا کە ئەو تاوانانەی لوبنانییەکان لێپێچینەوەیان لەسەر دەکرێت قورسن، ئەوا دەسەڵاتی دادوەری لوبنان ئەو کەسە داواکراوانە لە لوبنان دادگایی دەکات، بەو پێیەی دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە هەر هاوڵاتییەک دادگایی بکات تەنانەت ئەگەر تاوانەکە لە دەرەوەی خاکی لوبنانیش ئەنجامدرابێت، بە تایبەتی کە دەسەڵاتی دادوەری لوبنان رێگە بە رادەستکردنەوەی هاووڵاتییەک نادات بە وڵاتێکی بیانی، ئەگەر خاوەنی رەگەزنامەی ئەو وڵاتە بێت.

داواکاری گشتی پێشووی لوبنان، دادوەر حاتم مازی، بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند و رەتیدەکاتەوە لوبنان وەک پەناگەیەک بێت بۆ ئەو کەسانە، کە لەلایەن دادگای نێودەوڵەتیەوە داواکراون، دەشڵێت: لوبنان ئەندامی "ئینتەرپۆل"ە، پابەندە بە رادەستکردنی کەسی داواکراو بەدادگای نێودەوڵەتی لەکاتێکدا ئەگەر تۆمەتبار داوابکرێت بۆ رادەستکردنەوەی، تەنها لە حاڵەتە تایبەتەکاندا نەبێت کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا دیاریکراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە یاسای لوبنان رێگری دەکات لە هاتنە ژوورەوەی کەسانی داواکراوی نێودەوڵەتی بۆ ناو خاکی لوبنان، بەڵام هەندێک کەسی داواکراو، بە دزییەوە دێنە خاکی لوبنان و خۆیان دەشارنەوە، لەم حاڵەتەدا دەزگا ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەکانیان چڕتر دەکەنەوە بۆ دەستگیرکردنیان.

گوتیشی: زۆربەی بیانییە داواکراوەکان رادەست دەکرێنەوە، ئاماژە بە میکانیزمێکی یاسایی دەکات، کە پەیڕەو دەکرێت، ئەویش رادەستکردنەوەیان لە چوارچێوەی مەرجەکانی ئەنجومەنی وەزیران لەخۆدەگرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە رادەستکردنەوەی کەسانی داواکراو بڕیارێکی سیاسی و سەروەرییە، هەربۆیە دەبێت وابێت، لەلایەن حکومەتی لوبنانەوە.

هەروەها دادوەرەکەی پێشوو قۆناغەکانی رادەستکردنەوە روون دەکاتەوە و دەڵێت: دەسەڵاتی دادوەری لوبنان داواکارییەک وەردەگرێت بە رادەستکردنەوەی دەستگیرکراوێک یان کەسێکی داواکراو،  کە داواکارییەکە لە کۆشکی داد دا لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت و لەگەڵ بۆچوونی دەسەڵاتی دادوەری، دەگوازرێتەوە بۆ حکومەت، لەوێش لە چوارچێوەی میکانیزمە یاساییە کارپێکراوەکاندا دەرئەنجامی سیاسی و سەروەری لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت و بەو پێیەش حکومەت بڕیارەکە وەردەگرێت و رەوانەی جێبەجێکردنی دەکات، بەڵام سەبارەت بە کەیسەکانی بوونی لوبنانییەکان، دادوەرەکە دەڵێت "مەحاڵە رادەست بکرێن"

دوای ئەوەی کارلۆس گوسن هەڵهات بۆ بەیروت، جەختیکردەوە لەوەی کە لە سەرووی یاساوە نییە، گوتی: "من لە دادپەروەری هەڵنەهاتم، بەڵکو لە نادادپەروەری هەڵهاتم"، کە ژاپۆن تۆمەتباری دەکات بە ئەنجامدانی تاوان لەسەر خاکی وڵاتەکەی و داوای دەستگیرکردنی دەکات.