تورکیا لە زەویی و ئاسمانەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی چانەکاڵی دەدات

دیمەنێکی ئاگرەکە - فۆتۆ: aa
دیمەنێکی ئاگرەکە - فۆتۆ: aa

K24 - ئەنقەرە

دارستانەکانی پارێزگای چاناکاڵی باکووری رۆژئاوای تورکیا لە دوێنێ نیوەروە کاتژمێر 12:30 ئاگری گرتووە و تا ئێستا کۆنترۆل نەکراوە.

ئاگرەکە لە ناوچەیەکی دارستانی نزیک گوندی کایادەرێ سەر بە چاناکاڵی کەوتەوەتەوە لە دوێنێوە تا ئێستا زیاتر لە 10 گوند چۆڵکراون.

بەگوێرەی میدیای فەرمی تورکیا، لە رێگەی 22 هێلیکۆپتەر و 8 فڕۆکە و 240 تانکی ئاو و 71 تانکەری ئاو، هەروەها 328 کەرەستەی دیکە و دوو هەزار و 659 کارمەند هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدرێت.

 ئاگرەکە 1500 هێکتاری پاوان و دارستان سوتاندووە، سەرەڕای هەوڵی تیمەکانی ئاگر کوژێنەوە لە ئاسمان و زەوییەوە، کە بە درێژایی 24 کاتژمێر بەردەوام بوون بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، بەڵام نەتوانراوە کۆنترۆڵ بکرێت، خێرایی با لەو ناوچەییە گەیشتووتە 70 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، زۆرێک لە خانووو گوندەکان کە بە هۆکاری سەلامەتی چۆڵکرابوون، بوون بە خۆڵەمێش، بە چۆڵکردنی 337 ماڵ لە 10 گوند، 1251 کەس لە میوانخانەکان و دامەزراوە گشتییە جیاوازەکانی شارەکەدا و لە بەشەناوخۆییەکانی دانراون.

ئیبراهیم یوماکلی وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) سەبارەت بە بەردەوامی هەوڵەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی پارێزگای چاناکاڵی راگەیاند: چوار هێلیکۆپتەر کە توانای کارکردنیان بە شەو هەیە، تا ئەمڕۆ بەیانی هەوڵیان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە داوە، ئێستاش ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانمان بە 7 فڕۆکە و 22 کۆپتەری ئاگرکوژێنەوە بەردەوامن.

لەبارەی زیانە گیانییەکان، فەخرەدین کۆجا وەزیری تەندروستی تورکیا بڵاویکردەوە، تا ئێستا 83 کەس گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و لە ژێر چاودێری پزیشکیدان.

.