وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌باره‌ی گرته‌ڤیدیۆیه‌كی ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی رفێندراوی عێراقی له ئێران روونكردنه‌وه ده‌دات
K24 - هەولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق سه‌باره‌ت به بڵاوبوونه‌وه‌ی گرته‌ڤیدیۆیه‌ك روونكردنه‌وه ده‌دات كه تێیدا ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی عێراقی نیشان ده‌دات، كه له ئێران رفێندراون و به پاره ئازاد ده‌كرێن.
ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 23ـی ئابی 2023) ئه‌حمه‌د سه‌حاف، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ژماره‌یه‌ك پێگه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان گرته‌ڤیدیۆیه‌كیان بڵاوكردووه‌ته‌وه، كه تێیدا ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی عێراقی ده‌رده‌كه‌ون و له ئێران و له نزیك له سنووره‌كانی ئێران – توركیا رفێندراون، دواتر به‌رامبه‌ر به بڕه‌پاره‌یه‌ك ئازاد كراون، روونیشی ده‌كاته‌وه ئه‌و گرته‌ڤیدیۆیه رێككه‌وته‌كه‌ی بۆ مانگی ته‌ممووزی ئه‌مساڵ 2023 ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ئه‌حمه‌د سه‌حاف له به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، لایه‌نه ئه‌منییه په‌یوه‌ندیداره‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات و باڵیۆزخانه‌ی عێراق له تاران چاودێری ئه‌و حاڵه‌تانه ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها گوتی، رفێنه‌ران بازگه‌ی نایاسایی داده‌نێن بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌یان ده‌ستبكه‌وێت.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق داواشی له هاووڵاتییان كرد نه‌كه‌ونه ناو ته‌ڵه‌ی هه‌ندێك له پێگه‌كانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و كه‌سانی ناباوه‌ڕپێكراو و چه‌ته و له‌یاساده‌رچوون.
ئه‌مڕۆ له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان گرته‌ڤیدیۆیه‌ك و چه‌ند وێنه‌یه‌ك بڵاوكرایه‌وه، كه ده‌گوترێت هاووڵاتیانی عێراق و له‌لایه‌ن كه‌سانی ئێرانییه‌وه به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی پاره رفێندراون و دواتر به بڕه‌پاره‌یه‌ك ئازادكراون، وه‌ك له گرته‌ڤیدیۆكه و وێنه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت، عێراقییه رفێندراوه‌كان به زنجیر به‌ستراونه‌ته‌وه و ئه‌شكه‌نجه ده‌درێن و سووكایه‌تییان پێ ده‌كرێت.
هه‌ر ئه‌مڕۆ دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی گرته‌ڤیدیۆكه و وێنه‌ی هاووڵاتییه رفێندراوه عێراقییه‌كان، بڕیار وابوو خانه‌واده‌ی رفێندراوان و چالاكانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له‌به‌رده‌م كونسوڵخانه‌ی ئێران له شاری به‌سره ناڕه‌زایه‌تی ده‌رببڕن، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی چاویان به به‌رپرسانی كونسوڵخانه‌كه كه‌وت، بڕیای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیان دا، هاوكات هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق له ده‌وروبه‌ری باڵه‌خانه‌ی كونوسڵخانه‌ی ئێران بڵاوه‌یان پێ كراوه.