وەزیری خوێندنی باڵا: زۆرترین دەرفەتى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەڕەخسێنین

K24 – هەولێر:

ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، زانکۆکانی هەرێمی کوردستانی راسپارد، وەک ساڵانی پێشوو زۆترین دەرفەتی خوێندن بڕەخسێنن لەپێناو سوودەمەندبوونی هەموو ئەوانەی کە دەیانەوێت وەربگیرێن لە زانکۆ و پەیمانگەکان.

ئەمڕۆ چوارشەممە (23ـی ئابی 2023) وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد، کە بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون، بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتن و بەڕێوەبەرانی تۆماری سەرجەم زانکۆکانی حکومییەکانی هەرێمی کوردستان تییدا ئامادەبوون، لە میانی کۆبوونەوەکەدا پلان و ئامادەکارییەکانی تایبەت بە وەرگرتنی قوتابییان بۆ ساڵی خوێندنی (2023 – 2024) تاووتوێ کرا.

ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئاماژەی بەوەدا، ئامانج لەم کۆبونەوەیەدا دانانى میکانیزم و پلانی ئامادەکارییە بۆ ساڵى نوێى خوێندن بۆمەبەستی سوودى دەرچووان بێت، هاوکات گوتی: ئەمساڵ لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پلانێکی تۆکمە کار بۆ وەرگرتنی قوتابییان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان دەکەین.

گوتیشی:"ئەمساڵیش وەک ساڵانى پێشوو زۆرترین دەرفەتى خوێندنى گشتى بۆ کوڕان و کچانى وڵاتى خۆمان دەڕەخسێنین".

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دووپاتیکردەوە، رێگە نادەن پرسی دارایی ببێتە هۆکار بۆ لەبارچوونی خەونی گەنجانی هەرێم.