ئەرشەد ساڵحی ناوەرۆکی کۆبوونەوەی لایەنە تورکمانییەکان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاشکرادەکات

K24 - هەولێر:

ئەرشەد ساڵحی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی لایەنە تورکمانییەکان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاشکرا ده‌كات و رایگەیاند، بوونی پەکەکە لە کەرکووک لەداهاتوودا کێشە دەنێتەوە.

ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی و پەرلەمانتاری ئێستای ئەو حیزبە له‌ په‌رله‌مانی عێراق، لەبارەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە کوردستان24 رایگەیاند، پرسی ئاو و رێکخراوە تیرۆریستییەکان تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە بووە.

ساڵحی راشیگەیاند، تورکمانەکانی عێراق فاکتەرێکی گرنگن، سووننەکانی عێراق لەلایەن وڵاتانی کەنداوەوە پاڵپشتی دەکرێن و شیعەکانیش لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، بۆیە پاڵپشتیی تورکیا بۆ تورکمانەکان شتێکی زۆر ئاساییە.

ئەو پەرلەمانتارەی بەرەی تورکمانی جەختی لەوەکردەوە، رێگەدان بە بوونی رێکخراوە تیرۆریستییەکان ده‌بێته‌ هۆی كێشه‌ و بوونی ناوەندەکانی پەکەکە لە  پارێزگای کەرکووک لەژێر ناوی رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی لە داهاتوودا کێشە دەنێتەوە.

ساڵحی راشیگەیاند، بوونی پەکەکە لە سلێمانی و مەخموور دژی کوردە.  

رۆژی سێشەممە (22ـی ئابی 2023) فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغدا پێشوازی لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد و دوای کۆبوونەوەی نێوانیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسیان لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانیان کرد. سەرەتا فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ بەغدا دەربڕی و ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر چەندینجار بە سیفەتی جیاواز سەردانی عێراقی کردووە بەڵام ئەمجارە وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراقی کردووە.

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە( 23ـی ئابی 2023)، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ هەریەکە لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەی نێوان فیدان و هەر سێ سەرۆکایەتی عێراق پرسی ئەمنی، وزە و ئابووری تاووتوێ کران.