کۆشکی سپی: گیان لەدەستدانی پریگۆژین جێی سەرسوڕمان نییە

باڵەخانەی کۆشکی سپی | وێنە: AP
باڵەخانەی کۆشکی سپی | وێنە: AP

K24 – هەولێر:

بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەگەری مردنی یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی ڤاگنەر لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەدا، شتێکی سەرسوڕهێنەر نابێت بە لەبەرچاوگرتنی کێشەکانی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا.

ئەمڕۆ چوارشەممە (23ـی ئابی 2023)، ئادرین واتسۆن، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاندووە، راپۆرتەکانمان بینی سەبارەت بە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە ئەگەر پشتڕاستکرایەوە، نابێت کەس سەری بسوڕمێت.

کۆشکی سپی رایگەیاندووە، جۆ بایدن سەرۆک کۆمار ئاگادارکراوەتەوە لەسەر رووداوەکە، کە تێیدا فڕۆکەیەکی تایبەت لە باکووری رۆژئاوای مۆسکۆ کەوتە خوارەوە.

پریگۆژین رۆژێک لەمەوبەر لە وڵاتێکی ئەفریقیەوە گەڕاوەتەوە رووسیا، ویستویەتی لەگەڵ نۆ کەسی دیکە لەرێگەی فرۆکەیەکی تایبەتەوە لە مۆسکۆوە بچێتە شاری سەینت پێترسبێرگ و فرۆکەکەی لە هەرێمی تڤێر کەوتەخوارەوە، فەرماندەی گروپی ڤاگنەر و سەرجەم سەرنشینانی گیانیان لەدەستدا. راگەیاندنی گروپی ڤاگنەر دەڵێت، "خستنەخوارەوەی فرۆکەکەی پریگۆژین پلان بۆ دارێژراو بووە".

یاریدەدەری سەرۆکی ئۆکرانیاش دەڵێت، "کوژرانی پریگۆژین دوای دوو مانگ لە کودەتاکەی پەیامێکە لە پوتنەوە بۆ سەرجەم فەرماندە و کەسایەتە دیارەکانی رووسیا پێش هەڵبژاردەنەکانی ساڵی 2024". 

ئەمە لەکاتێکدایە هێشتا نە کرملین نە وەزارەتی بەرگری رووسیا بەفەرمی کوژرانی یەڤگینی پریگۆژینیان پشتراست نەکردووەتەوە و ئەوەی دەگوترێت تەنیا لە میدیاکانی ئەو وڵاتەوە بڵاوبووەتەوە.

لە ساڵی 2014ەوە ڤاگنەر لە زۆرێک لە ململانێکان لە سەرانسەری جیهاندا بەشداربووە، بەتایبەتی لە سووریا و لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەفریقا.

لێکۆڵینەوەیەکی بی بی سی لە گروپی ڤاگنەر ئاماژەی بەوەکردووە، دیمیتری ئوتکین ئەفسەری پێشووی سوپای رووسیای تەمەن 51 ساڵ، پێدەچێت ئەو کۆمپانیای "ڤاگنەر"ی دامەزراندبێت.

دەگوترێت ئەو گرووپە بەشداری لە چالاکییە سەربازییەکان دەکات لە ژمارەیەک وڵات کە شایەتحاڵی ململانێ ناوخۆییەکانن، لە بەرامبەر دەستڕاگەیشتن بە سامانە سروشتییەکانیان، بۆ نموونە باس لەوە کرا کە ئەندامانی ئەو گرووپە پاسەوانی ئەو کێڵگە نەوتییانە دەکەن کە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی سووریادایە، لە بەرامبەردا رێژەیەک لە داهاتی ئەو کێڵگەیە دەبات.