وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

رێبەر ئەحمەد وەزی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی هەولێر پێشوازی لە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد
رێبەر ئەحمەد وەزی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی هەولێر پێشوازی لە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە هەولێر، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێک دەکەن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 24/8/2023، هاک فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێر، لەلایەن رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، فەلاح مستەفا راوێژکاری سەرۆکی هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشوازی لێکرا، بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆببنەوە و گفتوگۆ لەبارەی چەند پرسێکی گرنگ بکەن، دیارترینیان، پرسی ئەمنی و ئابووری نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان.

ئەو سەردانەی هاکان فیدان، بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، یەکەمجارە دوای دەسبەکاربوونی وەکو وەزیری دەرەوەی تورکیا.

چەتینەر چەتین، رۆژنامەوانی دیاری تورکیا، لەبارەی سەردانەکەی فیدان بە کوردستان24ی گوت: "هەرچەندە هاکان فیدان یەکەمجارە وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراق دەکات، بەڵام شارەزای سیاسەتی ناوخۆی عێراقە و لەو سۆنگەیەشەوە دەزانێت لە سەردانەکەیدا رووبەڕووی چی دەبێتەوە"، گوتیشی: تا کێشەی پەکەکە مابێت، پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق كێشه‌ی ده‌بێت.

روونیشیكرده‌وه‌: "یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیا پەکەکەیە، ئەم پرسە ماوە ماوە کێشە دەخاتە نێو پەیوەندییەکانی ئەنقەرە-هەولێر و ئەنقەرە-بەغدا. تا پرسی پەکەکە مابێت، ئەو پەیوەندییانە بەشێوەیەکی بەردەوام کێشەی تێدەکەوێت".

رۆژی سێشەممە (22ـی ئابی 2023) هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا، لەلایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق  لێکرا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسیان لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانیان کرد. سەرەتا فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی فیدان بۆ بەغدا دەربڕی و ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر چەندین جار بە سیفەتی جیاواز سەردانی عێراقی کردووە، بەڵام ئەمجارە وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا هاتووەتە عێراق.

هاکان فیدان، دوێنێ چوارشەممە 23/8/2023، لە بەغدا لەگەڵ هەریەک لە لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە.

سەردانی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق هاوکاتە لەگەڵ سەردانی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بۆ تورکیا، کە رۆژی 21/8/2023، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرە و لەگەڵ ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا کۆبووەوە. بە گوێرەی زانیارییەکان یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەش پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا.

لە راگەیەندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەی نێوان وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا ئاماژە بەوەکراوە، "هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە، دوای پشکنین و چاککردنەوەی بەشێكی بۆری نەوتی عێراق - تورکیا کە دوای بوومەلەرزەکان لە 6ی شوباتی 2023 زیانی بەرکەتبوو، گرنگە هەناردەی نەوت لە زووترین کاتدا دەستپێبکاتەوە".