خاچی سوور: لە ماوەی هەشت مانگدا نزیکەی هەزار داواکاری سۆراغکردن بۆ کەسانی بێسەروشوێن لە عێراق پێشکەشکراوە

خاچی سووری نێودەوڵەتی بە بۆنەی رۆژی جیهانی کەسانی بێسەروشوێن چالاکییەکانی لە هەولێر دەستپێدەکات

K24 - هەولێر

کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور ئەمڕۆ پێنجشەممە 24/8/2023، لە شاری هەولێر رایگەیاند، تەنیا لە هەشت مانگی رابردوودا نزیکەی هەزار داواکاری بۆ سۆراغی کەسانی بێسەروشوێن لە عێراقدا پێشکەشکراوە.

کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور لە میانی وۆرکشۆپێکدا بۆ رۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان ئەم داتایەنەیان خستەڕوو وەک بەشێک لە زنجیرە چالاکییەکانیان بە بۆنەی رۆژی جیهانیی کەسانی بێسەروشوێن کە هەمووساڵێک لە 30ی ئابدا یادی دەکرێتەوە.

رێکخراوەکە ئەمڕۆ رۆژی پێنجشەممە بەشێوەیەکی فەرمی هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی لەسەر کەسانی بێسەروشوێن راگەیاند، کە تاوەکو رۆژی 30 ئاب دەکاتە رۆژی جیهانیی کەسانی بێسەروشوێن بەردەوام دەبێت.

لە دەستپێکی وۆرکشۆپەکەدا، ئانا ئالفۆرد، سەرۆکی لقی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە شاری هەولێر گوتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی میدیا و رۆژنامەنووساندا لە زیادکردنی ئاستی هۆشیاری خەڵک سەبارەت بە کەیسی کەسانی بێسەروشوێن و ئاشناکردنیان بەو خزمەتگوزاریانەی کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە پێشکەشی دەکات لە دۆزینەوە و بەدواداچوونی کەسانی بێسەروشوێن.

دواتر کۆمەڵێک لە چالاکیەکانی رێکخراوەکە لە هەرێمی کوردستان و عێراق نیشاندران بۆ ئاشناکردنی زیاتری رۆژنامەنووسان بە کێشەی بێسەروشوێنانی جەنگ و ناکۆکییەکان.

نوێنەری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وۆرکشۆپەکەدا بەشداربوو و گوتارێکی لەسەر هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم کرد بۆ کەیسی بێسەروشوێنان پێشکەشکرد. 

ئەڤین یاسین، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندیەکانی رێکخراوەکە رایگەیاند، ئامارێکی دروست لەبەردەستدا نییە بۆ ژمارەی ئەو کەسانەی لە عێراق بێسەروشوێنن، بەڵام ژمارەکە بە سەدان هەزار کەس مەزەندە دەکرێت کە بەهۆی جەنگە یەک لە دوای یەکەکانی ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی رابردوو لە عێراق و ناوچەکە روویانداوە.

لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24 ئازەر فارووق سەبارەت بە هەوڵەکانی رێکخراوەکە بۆ سۆراغکردنی کچ و ژنانی ئێزدی رفێندراو، گوتەبێژی رێکخراوەکە رایگەیاند، کۆمیتەکە بەشدارە لە هەوڵەکانی سۆراغکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دەروونی بۆ قوربانیانی ئێزدی.

راشیگەیاند، پرسی بێسەروشوێن بوون لە عێراق بابەتێکی گەورەیە و فشارەکانی روولەهەڵکشانن لە ساڵی 1980وە.

تاوەکوو ئێستا نزیکەی 28 هەزار کەیسی بێسەروشوێنان لە عێراق بە کراوەیی ماوەنەتەوە.

لە سەرەتای ساڵی 2023ەوە تاکو ئێستا، زیاد لە 990 کەیسی سۆراغکردنی بێسەروشوێنان لەلایەن رێکخراوەکەوە کراونەتەوە لە سەرانسەری عێراق.

هەروەها رێکخراوەکە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 71 رووفاتی سەربازی ئێرانی لە جەنگی هەشت ساڵەی ئێران - عێراق رادەستی دەسەڵاتدارانی ئێران کردووەتەوە. لە هەمانکاتدا رووفاتی چوار سەربازی عێراقی رادەستی بەغدا کراوەتەوە.

رێکخراوەکە سێ لیژنەی هاوبەشەی سەرەکی هەیە لەگەڵ وڵاتانی کوێت و عێراق و ئێران کە تێیدا حکومەتی هەرێمیش ئەندامە.

رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی، لە ساڵی 1980 لە عێراق کاردەکات و نووسینگەی سەرەکی لە هەولێر و بەغدا هەیە.

.
.