کەسێک بە تۆمەتی فریودانی کچێك لە سلێمانی دەستگیر کرا

وێنەی تۆمەتبارە و بڕێك لەو پارەیەی دەستی بەسەردا گیراوە
وێنەی تۆمەتبارە و بڕێك لەو پارەیەی دەستی بەسەردا گیراوە

K24 - هەولێر:

پۆلیسی سلێمانی لەسەر سکاڵای کچێك، تۆمەتبارێک دەستگیر دەکات کە کچەکەی فریوداوە و بە فێڵ دۆلار و ئاڵتوونی لێ سەندووە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی كچێك سكاڵای تۆمار كرد كە لەلایەن كەسێكەوە فریودراوە و بڕێك پارە و ئاڵتونی لێسەندراوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەست پێ كرد و دەركەوت كە تۆمەتبار بەناوی خوازراوەوە و بە بەكارهێنانی هەژماری ساختە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی و بە بیانوی هاوسەرگیری هەشت هەزار دۆلارو بڕێك ئاڵتونی لە سكاڵاكار سەندووە.

ئاماژەی بەوەشدا، لە سەرەنجامی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانی پۆلیس بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار، توانرا شوێنی تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیربكرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر بڕێك پارەدا كە بە تۆمەتبار بووە.

وەک لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانیدا باسی لێوە کراوە، ئێستا تۆمەتبار (هـ، أ، ح لەدایكبووی 1985) بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی دوو لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن راگیراوە و دانی بەتاوانەكەیدا ناوە.