رووسیا ماوەی زیندانیکردنی رۆژنامەنووسەکەی ئەمەریکای درێژکردەوە

رۆژنامەنووسی ئەمەریکی، ئیڤان گێرشکۆڤیچ
رۆژنامەنووسی ئەمەریکی، ئیڤان گێرشکۆڤیچ

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ پێنجشەممە، دادگای رووسیا ماوەی دەستبەسەرکردنی رۆژنامەنووسی ئەمەریکی، ئیڤان گێرشکۆڤیچ، بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە درێژکردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە کۆتایی مانگی ئاداری رابردوودا لە رووسیا بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیرکرا.

لە راگەیەندراوێکی دەزگای راگەیاندنی دادگای لێفۆرتۆڤسکی لە پایتەختی رووسیادا هاتووە "ماوەی دەستبەسەرکردنی ئیڤان گێرشکۆڤیچ، رۆژنامەنووسی ئەمەریکی بۆ ماوەی سێ مانگ دیکە و تاوەکو 30ی تشرینی دووەم درێژکراوەتەوە".

گێرشکۆڤیچ لەکاتی ئەرکێکی کارکردندا لە ئۆرال دەستگیرکرا، دەسەڵاتدارانی رووسیا تۆمەتی سیخوڕییان خستووەتە پاڵ، کە رۆژنامەنووسەکە و رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکا رەتیانکردووەتەوە.

گێرشکۆڤیچ یەکەم رۆژنامەنووسی رۆژئاوایی بوو کە مۆسکۆ بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیری کردووە لە دوای سەردەمی سۆڤیەتەوە.

ئەمەریکا لە سەرەتای هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیادا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆسکۆ زۆر کەمکردووەتەوە.