سیپان عەزیز: ئەگەر یاسای نەوت و غاز وەک ئەوەی لەدەستووردا هاتووە دەربچێت، كێشه‌كان چاره‌سه‌رده‌بن

K24 – هەولێر:

ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، بەشدارینەکردنی یەکێتی لەشاندەکانی هه‌رێم بۆ به‌غدا، بووە هۆی ئەوەی لەپڕۆژەیاسای بودجەدا گورزێکی قورس بەر هەرێمی کوردستان بکەوێت. گوتیشی: "ئەگەر یاسای نەوت و غاز وەک ئەوەی لەدەستووردا هاتووە دەربچێت، كێشه‌كان چاره‌سه‌رده‌بن".

سیپان عەزیز ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەگەر یاسای نەوت و غاز وەک ئەوەی لەدەستووردا هاتووە دەربچێت، ئەوا زۆرینەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەردەبن، بەپێچەوانەوە کێشەکان قووڵتردەبنەوە.

راشیگەیاند، بەشدارینەکردنی یەکێتی لەشاندەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرگرینەکردن لە رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر، بووە هۆی ئەوەی لەپڕۆژەیاسای بودجەدا گورزێکی قورس بەر هەرێمی کوردستان بکەوێت.

ماوه‌یه‌كه‌ هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت، كۆبوونه‌وه‌ له‌باره‌ی ئاماده‌كردنی ره‌شنووسی یاسای نه‌وت غاز ئه‌نجامده‌دات، دواین كۆبوونه‌وه‌ش رۆژی 22ـی ئه‌م مانگه‌ بوو، تێیدا ئامادەبووان داوایان لە لیژنەی تایبەتمەند بە پڕۆژەی یاسای نەوت و غاز کرد، بەردەوامبن لە تاووتوێکردن لەگەڵ شارەزایانی هونەری هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سرووشتیەکانی هەرێم، بۆ ئەوەی رەشنوسی یاساكه‌ ئامادەبکرێت و پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت.

هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت له‌دوای كشانه‌وه‌ی ره‌وتی سه‌در له‌ په‌رله‌مانی عێراق، له‌نێوان چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی (نوری مالیكی، هادی عامری، قه‌یس خه‌زعه‌لی، عه‌مار حه‌كیم، حه‌یده‌ر عه‌بادی و بزووتنه‌وه‌ی بابیلۆن هێزه‌ شیعه‌كانی دیكه‌) و پێكهاته‌ی كورد (پارتی و یه‌كێتی) و پێكهاته‌ی سوننه‌كان (هاوپه‌یمانیی سیاده‌ و عه‌زم) پێكهاتووه‌ و هه‌موویان حكومه‌تی ئێستای عێراقیان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی پێكهێناوه‌.