تایبەت بە کوردستان24، کەریم بێنزێما و نگۆلۆ کانتێ نایەنە هەولێر

کەریم بێنزێما و نگۆلۆ کانتێ
کەریم بێنزێما و نگۆلۆ کانتێ

کەریم بێنزێما و نگۆلۆ کانتێ بەهۆی بەندێکی گرێبەستەکەیان لەگەڵ یانەی ئیتیحادی سعوودی و رێنماییەکانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا ئەستەمە بۆ یارییەکەیان بەرامبەر قوە جەوییە بێنە هەولێر.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی تایبەتی کوردستان24 لەناو یانەی ئیتیحادی سعوودی، لە بەندێکی گرێبەستی کەریم بێنزێما و نگۆلۆ کانتێ لەگەڵ یانەی ئیتیحادی سعوودی هاتووە، ئەو دوو یاریزانە دەتوانن بۆ ئەنجامدانی یارییەکان نەچنە ئەو وڵاتانەی کێشەی سیاسییان تێدایە، وەکو عێراق و سوریا و ئێران.

ئەو دوو یاریزانە فەرەنسییە لە گرێبەستەکانیان مەرجێکیان داناوە، بۆ ئەنجامدانی هەر یارییەکی یانەکەیان لە دەرەوەی سعوودیە ئەوان بەگوێرەی هەڵسەنگاندن و بڕیاری وڵاتەکەی خۆیان بڕیار دەدەن بۆ ئەنجامدانی یاریی یانەکەیان بچنە ئەو وڵاتە یان نا، واتە ئەو دوو یاریزانە فەرەنسییە بەگوێرەی راپۆرتەکانی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا یەکلای دەکەنەوە چ وڵاتێک کێشەی هەیە و لە رووی ئەمنییەوە مەترسیدارە یان نا.

سەرچاوە تایبەتەکەی کوردستان24 لە یانەی ئیتیحاد راشیگەیاند، بە رێژەی %99 بێنزێما و کانتێ بۆ ئەنجامدانی یارییەکەیان بەرامبەر قوە جەوییە گەشتی عێراق ناکەن، جگە لە بەندەکانی گرێبەستەکانیان یانە سعوودییەکە خۆیشی ئەو دوو یاریزانە بۆ یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا بانگهێشت ناکات.

لەلایەکی دیکە بەگوێرەی یەکێک لە رێنماییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، هەر یانەیەک بۆی هەیە چوار یاریزانی دەرەوەی کیشوەری ئاسیا لە پاڵەوانێتییەکە یاریی پێبکات، لەکاتێکدا ژمارەی یاریزانە پیشەگەرەکان لە یانە سعوودییەکان لەو رێژەیە زۆر زیاترە، بۆیە ئەستەمە یانەی ئیتیحاد لە یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا یاریی بە بێنزێما و کانتێ بکات.

بەگوێرەی ئەو خشتەیەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا بڵاویکردووەتەوە، رۆژی 6ـی نۆڤێمبەر قوە جەوییەی عێراقی لە کۆمەڵەی سێیەمی چامپیۆنزلیگی ئاسیا میوانداریی ئیتیحاد دەکات، یانە عێراقییەکە یاریگای فڕەنسۆ هەریری لە هەولێر وەکو یاریگای خۆی دەستنیشان کردووە.