وەزارەتی ناوخۆی عێراق: نیو ملیۆن زیارەتکاری شیعەی دەرەوەی وڵات سەردانی کەربەلایان کردووە

زیارەتکارانی شیعە
زیارەتکارانی شیعە

K24 – هەولێر:

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی وەرزی زیارەتکردنی ئەمساڵەوە تا ئێستا نزیکەی 500 هەزار کەس لە دەروازە سنوورییەکانەوە، بە مەبەستی زیارەتکردن سەردانی کەربەلایان کردووە.

رۆژی هەینی (25ـی ئابی 2023)، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماری زیارەتکارانی دەرەوەی وڵاتی لە رێگەی 11 دەروازەی سنوورییەوە راگەیاند و بەگوێرەی ئامارەکانیش هەزار و 62 ئۆتۆمبێل هاتوونەتە ناو خاکی عێراقەوە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندووە، لە رێگەی لیژنەی باڵای ئەمنییەوە هەموو هەوڵێکیانداوە بۆ پاراستنی ئاسایشی رێگاکان کە زیارەتکاران پێیدا تێپەڕدەبن بۆ گەیشتن بە شاری کەربەلا.

هەروەها ئەوەش روونکراوەتەوە، هەموو ئاسانکارییەک بۆ هاتنی زیارەتکاران لە رێگەی دەروازەکانی (مونزریە، زرباتییە، شیب، شەلامچە، سەفوان، مەندەلی، کەرکووک، قائم و فڕۆکەخانەکانی بەغدا، نەجەف و بەسرە) کراوە و بۆ رێورەسمەکانی چلەی شەهیدکردنی ئیمام حوسێن، 179 هەزار و 15 کەس لە دەرەوەی وڵاتەوە سەردانی عێراقیان کردووە.

هاوکات جەختی لەسەر ئەوەشکردووەتەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی وەرزی زیارەتکردن تاوەکو ئێستا 459 هەزار و 444 زیارەتکار لە وڵاتانی جیاجیاوە سەردانی کەربەلایان کردووە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق راشیگەیاندووە، ئامادەکاری تەواویان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکاران کە پێشبینی دەکەن تا کۆتایی هاتنی رێورەسمەکانی چلەی شەهیدکردنی ئیمام حوسێن، ژمارەی زیارەتکاران بگاتە زیاتر لە ملیۆنێک کەس.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هاتنی زیارەتکارانی شیعە لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە بەردەوامە و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامودەزگاکانی پارێزگای هەولێر و دەزگای خێرخوازی بارزانییەوە ئاسانکارییان بۆ کراوە.

هەروەها ساڵی رابردوو، لە (7 تا 20ـی ئەیلوولی 2022)، 25 هەزار و 138 زیارەتکار لە رێگەی دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە، هاتنە هەرێمی کوردستان و دواتریش سەردانی کەربەلایان کرد و کە پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ ئەو رێژەیە زیاتر بێت.