میلانی ئیتاڵیا گەرمترین رۆژی لە ماوەی 260 ساڵی رابردوودا تۆمارکرد

شاری میلان لە ئیتاڵیا.
شاری میلان لە ئیتاڵیا.

K24 – هەولێر:

ئاژانسی ئارپا لە ئیتاڵیا بڵاویکردەوە، پلەی گەرمای شاری میلان بە تێکڕا گەیشتووەتە 33 پلەی سەدی، ئەمەش بەرزترین پلەی گەرمایە لە 260 ساڵی رابردوودا.

ئاژانسی ئارپا ئەمڕۆ هەینی (25ـی ئابی 2023) رایگەیاند، میلان بەرزترین تێکڕای پلەی گەرمی رۆژانەی لە ماوەی 260 ساڵی رابردوودا تۆمارکردووە، لەکاتێکدا بەشێکی زۆری ئیتاڵیا لەگەڵ شەپۆلی گەرمادا دەجەنگێت.

ئەو ئاژانسە ئاشکراشی دەکات، پێشتر بەرزترین پلەی گەرما لە شارەکە تۆمار کرابێت لە ساڵی 2003 بووە 32.8 پلەی سەدی بووە، بەڵام ئەمساڵ ئەو رێژەیە گەیشتووەتە 33 پلەی سەدی.

ئاماژەی بەوەشدا، زنجیرە چیاکانی ئالپ لە ئیتاڵیا کەوتوونەتە ژێر کاریگەری بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و لە توانەوەدان، بەڵام کۆتایی هاتنی ئەو شەپۆلی گەرمایە نزیکە و پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی گەورەی با و باران بەڕێوەبێت.

ئاژانسی ئارپا، باسی لەوەشکرد، میلان نزمترین پلەی گەرمی لە رۆژی پێنجشەممەدا تۆمارکردووە کە 28.9 پلەی سەدی بووە.

شەپۆلی گەرما لە مەترسییە سروشتییە کوشندەکانە، ساڵانە سەدان هەزار کەس بەهۆی هۆکارەکانی پەیوەست بە گەرماوە گیان لەدەستدەدەن.