لە حەوت مانگدا زیاتر لە 30 ملیۆن گەشتیار سەرانی تورکیایان کردووە

تورکیا
تورکیا

K24 – هەولێر:

لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، زیاتر لە 30 ملیۆن گەشتیار سەردانی تورکیایان کردووە کە ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی نوێیە لە هاتنی گەشتیاران لەو وڵاتە تۆمارکرابێت.

بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی گەشتوگوزار و رۆشنبیری تورکیا، 30 ملیۆن و 327 هەزار و 206 کەس لە دەرەوەی وڵاتەوە سەردانی تورکیایان کردووە لە ماوەی حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵ، کە 26 ملیۆن و 766 هەزار و 240 کەسیان گەشتیاری بیانی بوون و رێژەکەی دیکەش هاووڵاتی تورکیا بوون کە لە دەرەوەی وڵات دەژین.

هەروەها داتاکان ئەوەشیان دەرخستووە کە گەشتیارانی رووسیا لە پێشەوەی ئەو وڵاتانە دێن کە سەردانی تورکیایان کردووە، کە ژمارەیان دەگاتە سێ ملیۆن و 498 هەزار و 614 گەشتیار، بەراورد بە هەمان ماوە بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 59.22% زیادیکردووە.

لە پلەی دووەمیشدا، گەشتیارانی وڵاتی ئەڵمانیا دێن کە ژمارەیان گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 211 هەزار و 724 گەشتیار و دوای ئەوانیش گەشتیارانی وڵاتی بەریتانیا دێن کە ژمارەیان گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 63 هەزار و 740 گەشتیار.

تۆمارکردنی ئەم ژمارەیەش بۆ تورکیا ژمارەیەکی نوێ بوو، کە پێشتر زۆرترین ژمارەی گەشتیار لە ماوەی حەوت مانگی سەرەتای ساڵ لە تورکیا تۆمارکرابێت لە ساڵی 2019 بووە کە 26 ملیۆن و 524 گەشتیار بووە.

هاوکات پێشتر بڵاوکرایەوە، بەگوێره‌ی ئامارە فەرمییەکان لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا خەرجی گەشتیاران لە تورکیا 21.7 ملیار دۆلار بووە بەراورد بە نیوەی یەکەمی 2022، 27% زیادی کردووە.

ئەمەش وەک شارەزایانی ئابووری باسی لیوە دەکەن لە بەرژەوەندی لیرەی تورکیدایە کە لە ماوەی دووساڵی رابردوودا زیاتر لە 50%ـی بەهاکەی لەدەستداوە و سەرەڕای دووجار بەرزکردنەوەی نرخی سوودی بانکیش لەلایەن بانکی ناوەندییەوە نەتوانراوە رێگە لە داکەوتنی بەردەوامی بگیرێت.