ترەمپ یەکەم سەرۆکە لە مێژووی ئەمەریکادا دەستبەسەر دەکرێ و پەنجەمۆری لێوەرگیرێت
K24 - واشنتن
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 24/8/2023، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2020ی ئەمەریکا، خۆی رادەستی دەسەڵاتدارانی ناوخۆی گرتووخانەی ''فۆڵتن'' لە شاری ئەتڵانتای ویلایەتی جۆرجیا کرد.
ترەمپ، ئەمجارە جیاواز لە سێ جارەکەی دیکە، لەبری چوون بۆ دادگا خۆی رادەستی بەرپرسانی بەندیخانەی ''فۆلتن'' لە ولایەتی ئەتڵانتا کرد، پاش ئەوەی ماوەی کەمتر لە نیو کاتژمێر لە بەندیخانە مایەوە، وێنە و پەنجەمۆری لێوەرگیرا و بە کەفالەتی 200 هەزار دۆلاری ئازادکرا.
لەو دۆسیەدا ترەمپ و 18 کەسی دیکە بریتین لە پارێزەر، یاریدەدەر، کارمەندانی ئۆفیسی هەڵبژاردن، ئەندامانی پارتی کۆمارییەکان تۆمەتی ئەوەیان دراوەتە پاڵ کە یاسایان پێشلێکردوەو لەو رێگاوە هەوڵیانداوە بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 لە ئەمەریکا.
ترەمپ پاش جێهێشتنی گرتووخانە، لە فڕۆکەخانەی ئەتڵانتا قسەی کردو گوتی: "من بە قووڵی لەو باوەڕەدام ئەمڕۆ رۆژێکی زۆر ناخۆشە بۆ ئەمەریکا، هەرگیز نەدەبوو ئەمە رووبدات".
سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دەسەڵاتی دادوەری وڵاتەکەی بە دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا تۆمەتبار کردو لەسەر ئەوە پێداگری کردەوە کە ''پێویستە هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەبێت بەرهەڵستی ئەنجامی هەڵبژاردن بکات، وەک ئەوەی زۆر کەسی دیکە لە رابردوودا کردوویانە".
ترەمپ، بەبێ ئەوەی ناوی کەس بهێنێت گوتی: "هەوڵدەدەن دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2024دا بکەن، پێشتر ئەمە رووی نەداوە، ئەم شێوازە بەشێکە لە بانگەشەی هەڵبژاردنیان، ئامادەبوونم لێرە یەکێک لەو شتانەیە و سێ بابەتی دیکەشیان ماوە".
ئەمە چوارەمین جارە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، ترەمپ لە واشنتنی پایتەخت، ولایەتەکانی نیویۆرک، فلۆریدا و جۆرجیا رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە، بەمەش ناوبراو یەکەم سەرۆککۆمارە لە مێژووی وڵاتەکەیدا کە پاش تەواو بوونی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بەم شێوازە لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
ئەم رووداوانە لە کاتێکدا بوو کە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە یەکەم مێزگردی نێوان 8 پاڵێوراوی حزبی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2024 بە بێ ئامادەبوونی ترەمپ بەڕێوەچوو. بەگوێرەی راپرسییەکان تاکو ئێستا ترەمپ بەهێزترین بەربژێری پارتی کۆمارییەکانە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی داهاتوودا.