ئەمەریکا: چین و رووسیا رێگری لە ئیدانەکردنی مووشەکەکانی کۆریای باکوور دەکەن

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

K24 - هەولێر

ئەمەریکا، پەکین و مۆسکۆی تۆمەتبار کرد بەوەی کە بوونەتە کۆسپ لە دەرکردنی وەڵامێکی یەکگرتوو لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ هەڵدانی مووشەک و مانگە دەستکردەکانی کۆریای باکوور.

لە میانی کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا، لە کۆی 15 ئەندام 13 یان هەوڵی پیۆنگیانگیان لە بۆ دانانی مانگی دەستکردی سیخوڕی بۆ بۆشایی ئاسمان و بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای مووشەکی بالیستیک ئیدانە کرد.

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، لیندا تۆماس گرینفیڵد باڵیۆزی ئەمەریکا لەنەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: "دەبێت ئەمە تەوەرێک بێت کە ئێمە یەکدەخات، بەڵام لە سەرەتای ساڵی 2022ەوە ئەم ئەنجومەنە بەهۆی بەربەستەکانی چین و رووسیا ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ نەکردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "مەترسی ئەتۆمی کۆریای باکوور لە زیادبووندایە و رووسیا و چینیش لە ئاست بەرپرسیارێتیەکانیاندا نین".

گرینفیڵد گوتیشی: "لەبری ئەوە، ئەوان ئاهەنگ دەگێڕن بۆ پێشێلکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و بەردەوامن لە ئاستەنگکردن لە کارەکانی ئەنجومەنەکە"، دەشڵێت: لە کۆتایی مانگی تەمموزدا بە بەشداریکردنی بەرپرسانی رووسیا و چین، کۆریای باکوور نمایشێکی سەربازی و ئەتۆمی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بالیستیکی نێوان کیشوەرەکان ئەنجامداوە.

دوایین جار کە ئەنجومەنی ئاسایش یەکڕیزی هەڵوێستەکانی بەخۆیەوە بینیووە لەسەر پرسی کۆریای باکوور لە ساڵی 2017 بووە.

لە مانگی ئایاری 2022، چین و رووسیا ڤیتۆیان لەسەر رەشنووسی بڕیارنامەی سەپاندنی سزای نوێ بەسەر پیۆنگیانگدا کرد.