پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی دادگایی دەکرێت

وێنەی ژینا ئەمینی لە دەست ژنێکی رۆژهەڵاتی کوردستاندا
وێنەی ژینا ئەمینی لە دەست ژنێکی رۆژهەڵاتی کوردستاندا

K24 - هەولێر

پارێزەرانی چەند شارێکی ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان لە بڕیارێکی پەرلەمانی وڵاتەکەیان ناڕازین و دەڵێن، پەرلەمانی ئەو وڵاتە سەربەخۆیی ناوەندی پارێزەرانی سنووردار كردووە و گوشارەكان بۆ سەر پارێزەران زیادیكردووە. ئەمە لە کاتێکدایە دوای چەند رۆژێکی دیکە پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی دادگایی دەكرێت.

جارێکی دیکە بەشێک لە پارێزەرانی شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان وەکو ناڕازیەتیی دەربڕین گردبوونەوە. ئەو پارێزەرانە لە شارەکانی تاران، یەزد، خوراسان، کرماشان و ورمێ رەخنەیان لەدوایین بڕیاری پەرلەمانی ئەو وڵاتە گرتووە و داوا لە ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووریش دەکەن، بڕیارەکەی پەرلەمان رەتبکاتەوە.

پارێزەرە ناڕازییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، لەمەوبەدوا ناوەندیی پارێزەران سەربەخۆییان نابێت و ئەوەش دژی مافی بنەڕەتی خەڵکە و ئیتر مافەکانیان لە دادگاکان پارێزراو نابێت. بەپێی بڕیارەکەی پەرلەمان، دەبێت پارێزەران مۆڵەتی خۆیان لە وەزارەتی ئابووری وەربگرن و پابەندی بڕیارەکانی ئەو وەزارەتەش بن. هەر ئەو وەزارەتەش راسپێردراوە کە بەدواداچوون بۆ کاروباری پارێزەرەکان بکات. ئەوەش پارێزەرانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی نیگەران کردووە.

ئێستا نزیکەی بیست هەزار واژۆی پارێزەران کۆکراوەتەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی پەرلەمان دەکەن. هاوکات لەلایەکی دیکەشەوە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵرۆژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی و دەستپێکی خۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردوو گووشارەکان بۆ سەر پارێزەرانیش زیادیکردووە.

رۆژی سێشەممە 29ـی ئابی 2023، ساڵح نیکبەخت، پارێزەری ناوداری رۆژهەڵاتی کوردستان و بنەماڵەی ژینا ئەمینی بەتۆمەتی تانەلێدان لە بڕیاری دادگا و هاندانی رای گشتی بۆ خۆپێشاندان دادگایی دەکرێت.

هاوکات ماڵپەری دادبانی پارێزەرانی ئێران ئاشکرایکردووە، لە چەند رۆژی رابردوودا مۆڵەتی پارێزەری لە هەندێک پارێزەر وەرگیراوەتەوە کە پارێزەری بنەماڵی قوربانیانی خۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردوو بوونە. هەمووشیان بە پاساوی هاندانی رای گشتی، دروستکردنی ئالۆزی و بێرێزیکردن بە حکومەت بووە.

تا وەکو ئێستا بەرپرسانی ئێران وەڵامێکی دیاریکراوی پارێزەرە نارازییەکانی نەداوەتەوە، بەڵام پارێزەرەکان دەڵێن، جگە لەوەی گوشاری حکومەتیان لەسەرە، هاوکات خەریکە بە یاسا سەربەخۆییەکەشیان سنووردار دەکرێت.