ستراتیژیەتی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی لە هەرێمی کوردستان

Kurd24

لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ ەوە هەرێمی کوردستان بە شێوازی جیاواز هەوڵیداوە کەرتی پەروەردە و خوێندن بەرەو پێش ببات، بەڵام هەوڵەکان سیستەماتیک و ستراتیژیانە نەبوون. دید و پەیام و ئامانجەکانی پەروەردە و خوێندن یاخود هەر نەبووە یان ئەگەر هەشبووبێت ستراتیژیەتێکی ڕوونی لە پشتەوە نەبووە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە خوێندنی تەکنیکی و پیشەییەوە هەیە.

هەروەکو لە ناوەکەییەوە دیارە، خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی، لە دوو بەش پێکدێت: پیشەیی و تەکنیکی. لە هەرێمی کوردستان، خوێندنی پیشەیی سەر بە وەزارەتی پەروەردەیە، کە چەندین خوێندنگەی پیشەیی هەیە و بڕوانامەی ئامادەیی پیشەیی دەستەبەر دەکەن لە بوارەکانی پیشەسازی، بازرگانی، دارتاشی و هتاد. هەروەها لەم دواییانەدا ژمارەییەک پەیمانگەی پیشەیی پێنج ساڵەییان کردۆتەوە لە بوارەکانی کۆمپیوتەر،  وەرزش و هتاد، کە بڕوانامەی دبلۆم دەبەخشن. لەلایەکی دیكەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕێگەی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، سەرپەرشتی خوێندنی تەکنیکی دەکات، چەندین کۆلیژی تەکنیکی هەیە، کە پڕۆگرامی چوار ساڵەی بەکالۆرۆسییان هەیە و چەندان پەیمانگەی تەکنیکیشییان هەیە، کە پڕۆگرامی دوو ساڵەی دبلۆمیان هەیە، ئەمە جگە لە چەند پەیمانگەیەکی تەکنیکی تایبەت (ئەهلی). هەروەها لە وەزارەتی کاریش چەند سەنتەرێکی ڕاهێنانی پیشەیی هەیە، کە خوولی ڕاهێنانی پیشەیی کورتخایەن بەڕێوەدەبەن. ئەمە ستراکچەری خوێندنی پیشەیی و تەکنیکییە لە هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن سێ وەزارەتی جیاوە سەرپەرشتی دەکرێن.

هەرێمی کوردستان پێویستی بەوە هەیە ستراتیژیەتێکی سەردەمیانە بۆ خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی دابڕێژێت، ناڵێم ستراتیژیەتێکی نوێ، چونکە هەر لە بنەڕەتدا ستراتیژیەتی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی نە لە عێراق و نە لە کوردستان نەبووە. هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا، بووژانەوەی ئابووری باشی بەخۆیەوە بینیووە و چەندان کۆمپانیای گەورە لە بوارە جیاجیاکاندا ڕوویان لەم هەرێمە کردووە و چەندان پیشە و کاری نوێ سەریان هەڵداوە، کە پێویستیان بە کادری پیشەیی و تەکنیکی بەهرەدار و بەتوانا هەبووە و دەبێت. ئێستاش ئەم هەرێمە بنەماکانی گەشەسەندنی ئابووری خێرای تێدایە و هەلی ئەوەی هەیە کە ببێتە سەنتەرێکی باشی ئابووری و کار و پیشە، ئەگەر ستراتیژیەتێکی گشتگیری خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی هەبێت. کاری سەرەکی ئەم ستراتیژییەتە ئەوە دەبێت کە دڵنیابێت لەوەی دەستی کاری خاوەن توانا و بەهرەی باش لە دەزگاکانی پەروەردە و خوێندن لە هەرێمی کوردستان بەرهەم بێت، بۆ ئەوەی بتوانن بۆشایی و پێداویستییەکانی بازاڕی کار پڕبکەنەوە، چیتر کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت پێویستیان بەوە نەبێت کادر و کارکەر و پیشەگەر لە دەرەوەی کوردستان و عێراق بهێنن.

زۆربەی وڵاتانی جیهان ستراتیژیەتی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی تایبەت بەخۆیان هەیە، نەک تەنها وڵاتە پێشکەوتووەکان، بەڵکو وڵاتانی عەرەبی و دەوروبەری عێراقیش، بە فەڵەستینیشەوە، ئەم ستراتیژییەتەیان هەیە. رێکخراوی یونیسکۆ زۆر گرنگی بەم بوارە دەدات بەتایبەتی لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا، چونکە ساڵانە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا پارە و گرانتێکی زۆر بۆ ئەم بوارە تەرخان دەکەن. یونیسکۆ چەندین کۆنفڕاس، وۆرکشۆپ و خوولی ڕاهێنانی بۆ کارگێڕ، کارمەند، مامۆستا و فێرخوازانی هەر سێ وەزارەتەکە سازکردووە، هەروەها یارمەتی داون بۆ ئامادەکردنی چوارچێوەیەکی نیشتمانی بۆ دیاریکردنی ئاستەکانی خوێندن و داڕشتنی ستراتیژیەتی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەم گۆڕانکارییانە پێویستیان بە هەموارکردنی یاسا و ڕێنماییەکانی تایبەت بەم کەرتە هەیە، بۆیە تائێستا بەرهەمێکی ئەوتۆیان نەبووە. لە رۆژانی ٢٥ و ٢٦ـی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢، یونسکۆ کۆنفڕاسێکی هایبێردی نێودەوڵەتی لە ناوەندی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی لە شاری بۆنی ئەڵمانیا ڕێکخست، تێیدا ستراتتیژیەتێکی نوێی بۆ خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٢ تا ٢٠٢٩ ڕاگەیاند. لەم ستراتیژییەتەدا پێداویستییەکانی ئێستا و داهاتووی تاکەکان و ئابووری وڵاتان و کۆمەڵگەکان لەبەرچاو گیراوە، بەڕاستی ئەمە کاری سەرەکی دانانی ستراتیژیەتە، کە دەبێت پێداویستییەکانی ئێستا و داهاتووی نزیکەی (١٠) ساڵی داهاتوو لەبەرچاو بگرێت.

ستراتیژیەتەکە جەختی لەسەر سێ خاڵی سەرەکی کردۆتەوە:-

1. گەشەپێدانی توانای تاکەکان بۆ ئەوەی فێربن و کاربکەن و بژین: تا پڕۆسەی پەروەردە و خوێندن و فێربوون بەشێوەیەکی شەفافانە و یەکسانانە بەڕێوەبچێت، دەبێت لەوە دڵنیابین کە ئەم پڕۆسەیە بێ جیاوازی هەمووان بگرێتەوە و لە ڕووی تەکنیکیشەوە هەمووان فێری تەکنۆلۆژیای پێویستی سەردەم ببن.

2. پەرەپێدانی تواناکان بۆ ئابوورییەکی بەردەوام: ئەمەش لایەنی گەشەپێدانی کار و پیشە دەگرێتەوە، هەروەها بەشداری کارای کەرتی تایبەت بۆ دیاریکردنی ئەو بەهرە و توانایانەی کە پێشبینی دەکرێت لە ساڵانی ئایندەدا پێویست بن. لێرەشدا خاڵی سەرەکی بریتییە لە گۆڕانکاری بەرەو ئابوورییەکی دیجیتەڵی و سەوز.

3. پەرەپێدانی تواناکان بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەی ئارام: ئەمەش بریتییە لە دەستەبەرکردنی خوێندنێک کە جەخت لەسەر مافەکان و گەشەپێدانی بەردەوام دەكاتەوە، تێیدا ڕەهەندی نێودەوڵەتی لە خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی لەبەرچاو دەگیرێت.

ئەگەر ستراتیژیەتێکی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی لە کوردستان هەبێت و جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی سەرەوە بکاتەوە، ئەوا بەشێکی زۆری کێشەکانی ئەم کەرتە چارەسەر دەبن، چونکە بەڕاستی ئەم کەرتە ئێستا بەدەست چەندین کێشە و گرفتەوە دەناڵێنێت. چەندان فاکتەریش لە پشتەوەی ئەم کێشە و گرفتانەن، کە ساڵانێکی زۆرە کەڵەکەبوون و چارەسەر نەکراون. یەکێک لەم گرفتانە ئەوەیە کە خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی لە کوردستان خواستی زۆری لەسەر نییە، بە چاوێکی کەمتر لە خوێندنەکانی دیكە سەیر دەکرێت، پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەرزی نییە. دایکان و باوکان زۆر حەزناکەن منداڵەکانیان بنێرن بۆ ئەم خوێندنە، هەروەها ئەو قوتابییانەی کە لە ناوەندی و دواناوەندی ناتوانن نمرەی باش بەدەستبێنن ڕوو لەم خوێندنە دەکەن. هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا ئەم بیرکردنەوە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بۆ نموونە دەبینین نمرەی وەرگرتن لە هەندێك پەیمانگەی تەکنیکی زۆر لە نمرەی وەرگرتنی هەندێك کۆلێژ زیاترە. هۆکارێکی دیكە ئەوەیە کە تاقیگە و وەرشەکانی ئەم خوێندنگانە کۆنن و لەگەڵ پێشکەوتنی سەردەم ڕێناکەن و فێرخوازان فێری ئەو بەهرە و توانایانە ناکەن کە بازاڕی کار پێویستی پێی هەیە. پێکهاتە و ستراکچەری ئیداری دەزگاکانی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی هۆکارێکی تری پێشنەکەوتنی ئەم جۆرە خوێندنەیە، هەروەکو لە سەرەتا باسمانکرد، ئەم خوێندنگانە لەلایەن سێ وەزارەتی جیاوازەوە بەڕێوەدەبرێن و چەترێک نییە کۆیان بکاتەوە و زۆرجار ئاگاشیان لەیەکتر نییە.

لەلایەکی ترەوە، لە هەرێمی کوردستان دەزگاکانی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت نییە، کەرتی تایبەت ڕۆڵێکی ئەوتۆی نییە لە داڕشتنی پڕۆگرامەکانی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی بۆ ئەوەی بەشێوەیەک بێت لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم و بازاڕی کار بگونجێت. لە بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهان، فێرخوازانی تەکنیکی و پیشەیی بەشێکی زۆری خوێندنەکەیان لەناو کارگە و وەرشەکانی کەرتی تایبەت ئەنجام دەدەن، یان هەندێك جار هەر کارمەند و کرێکاری کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتن و هاتوون درێژە بە خوێندنەکەیان بدەن.

لە ڕووی پارەدارکردن و بودجەوە، خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی خوێندنێکی هەرزان نییە و خەرجییەکانی لە جۆرەکانی تری خوێندن زۆر زیاترە. لە زۆربەی وڵاتانی جیهان زانکۆ، کۆلێژ، پەیمانگە و خوێندنگەکانی ئەم کەرتە بۆ خەرجییەکانیان بەشێکی پشت بە حکومەت و بەشێکی دیكەش پشت بە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت دەبەستن، بەڵام لە کوردستاندا ئەم کەرتە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە حکومەت دەبەستێت. لە ساڵانی ڕابردووش بەهۆی قەیرانە داراییە یەک لە دوای یەکەکان، حکومەت نەیتوانیوە بودجەی پێویستیان بۆ تەرخان بکات.

لە ڕووی ستافی وانەگوتنەوە، تائێستا لە کوردستان ستافێکی وانەبێژی ڕاهێنراوی پسپۆڕ بە خوێندنی تاکنیکی و پیشەیی نییە، ئەو مامۆستایانەی لە خوێندنگە، پەیمانگە و کۆلێژە تەکنیکییەکان وانە دەڵێنەوە هەمان ئەو مامۆستایانەن کە لە خوێندنگەکانی دیكەش وانە دەڵێنەوە. جگە لەو کۆڕس و خوولانەی کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ مامۆستا و کادرانی تەکنیکی و پیشەیی دەستەبەری دەکەن، تائێستا پەیمانگەیەک یان کۆلێژێکی تایبەت بە پێگەیاندنی مامۆستای تەکنیکی و پیشەیی لە کوردستان نییە. ئەم جۆرە خوێندنە پێویستی بە کەسانێک هەیە کە جگە لە بڕوانامەی ئەکادیمی ئەزموونی کاریان لە خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی هەبێت، ناکرێت هەر کەسێک بڕوانامەی بەرزی هەبێت، بێت لەم کەرتە کار بکات. جگە لەمەش بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان بوار بە کەسانی خاوەن ئەزموون و سەرکەوتووی هەڵقوڵاوی ناو کار و پیشە نادرێت بێن لەم ناوەندانە وانە بڵێنەوە، چونكە لەوانەیە بڕوانامەی پێویستیان نەبێت.

هەموو ئەم کێشە و گرفتانە پێماندەڵێن کە هەرێمی کوردستان پێویستی بە ستراتیژیەتێکی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی هەیە، بەپێی ئەزموونی بیست ساڵی کارکردنم لەم بوارەدا، پێشنیازی ستراتیژییەتی ٢٠٢٤ تا ٢٠٣٠ دەکەم، بۆ ئەم مەبەستەش دڕافتێکی (١٢) لاپەڕەییم بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی ئامادەکردوە، دەکرێت ئەمە بکرێت بە بنەمای داڕشتنی ئەم ستراتیژیەتە.

بۆ ئەم مەبەستە، لە سەرەتادا دەبێ دید و پەیام و ئامانجەکانی خوێندنی تەکنیكی و پیشەیی دیاری بکرێن، بۆ ئەوەی ئەوانەی لەم کەرتە کاردەکان، هەروەها ئەوانەشی کە دەیانەوێت لەم جۆرە خوێندنە وەربگیرێن و بخوێنن، بزانن کە خوێندنی تەکنکیکی و پیشەیی زۆر جیاوازە لە خوێندنی ئەکادیمی و ناکرێت زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان کۆپی زانکۆ ئەکادیمییەکان بن، هەروەها دواناوەندیە پیشەییەکان کۆپی دواناوەندییەکانی دیكە بن، هاوكات بۆ ئەوەی مامۆستا و تەکنیکار و فێرخوازانیش بەرچاویان ڕوونبێت و بزانن بۆ هاتوون بۆ ئەم ناوەندانە و پێویستە چی بکەن. بۆ نموونە دیدی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی دەبێ بەشێوەیەک دابرێژرێت کە مەبەست لێی گەشەپێدانی ئابووری وڵات و پێگەیاندنی کادری مامناوەندی بەهرەدار و بەتوانا بێت بۆ بازاڕی کار، کە بتوانن پشت بەخۆیان و دەستی خۆیان ببەستن و پڕۆژەی خۆیان هەبێت، نەک تەنها بەدەستهێنانی بڕوانامە و دامەزراندن لە کەرتی حکومی بێت. دەرچووی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی دەبێ ئەوە بزانێت کە کاری ئەو دانیشتن لە پشت مێز و لەناو ئۆفیس نییە، بەڵکو کارەکەی مەیدانییە، جگە لە توانای مێشک دەبێت توانی دەست و بازوشی هەبێت.

پێویستە ئەم ستراتیژییەتە کۆمەڵێک ئامانج و مەبەستی هەبێت کە لە خزمەتی گەشەپێدانی ئابووری هەرێمی کوردستان و زیادکردنی هەلی کار بێت بۆ گەنجان و دەرچووان، لەوانە:-

1. دامەزراندنی بانکی زانیاری خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی داتای پێویست هەبێت لەسەر هەموو ئەو دەزگایانەی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی دەستەبەر دەکەن.

2. دامەزراندنی دەستەیەک یان بۆڕدێکی تایبەت لە ئەنجوومەنی وەزیران، کە سەرپەرشتی ئەم جۆرە خوێندنە بکات، چونکە ناکرێت خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی لەلایەن سێ وەزارەتی جیاوازەوە سەرپەرشتی بکرێن و زۆر جاریش ئاگایان لەیەکتر نەبێت.

3. داڕشتنی یاسا، ڕێسا و ڕێنمایی نوێ بۆ خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی، بەمەبەستی سەربەخۆبوون و جیاکردنەوەیان لە جۆرەکانی دیكەی خوێندن، بۆ ئەوەی بتوانن دەستکراوەبن و داهێنان لەم بوارەدا بکەن.

4. داڕشتنی چوارچێوەی نیشتمانی بۆ خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی لە هەرێمی کوردستان، تێیدا هەموو ئاست و بڕوانامەکان دیاری بکرێن (وەزارەتی پەروەردە و زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان بە هاوکاری ڕێکخراوی یونسکۆ کاریان لەسەر ئەمە کردووە و دڕافتەکەی ئامادەیە).

5. هاندانی دایکان و باوکان و فێرخوازان، بۆ ئەوەی فێرخوازان بێنە ناو ئەم خوێندنەوە.

6. پشتگیری لە داهێنان بکرێت، بەشێوەیەک کە کاری نوێ و پڕۆژەی نوێ بێتەکایەوە کە ئابووری کوردستان ببووژێنێتەوە و هەلی کاری زیاتر بڕەخسێنێت.

7. هانی بەشداریکردنی هەموو هاوبەشەکان بدرێت لە حکومەت، کەرتی تایبەت، ڕێکخراوە ناحکومییەکان و دایبابان بۆ بەشداریکردن لەم کەرتە.

8. گرنگی بدرێت بە ڕاهێنان و پێگەیاندنی مامۆستای پسپۆڕ لە بواری خوێندنی تاکنیکی و پیشەیی، بۆ ئەوەی کادری وانەبێژی بە توانا و بە ئەزموون پێبگەن.

9. زیادکردنی ڕێژەی وانە پراکتیکییەکان و ئەو وانانەی لە تاقیگە و وەرشەکان ئەنجام دەدرێن، هەروەها کارپێکردنی فێرخوازان لە دەرەوەی خوێندنگەکان، لەناو کارگە و کۆمپانیاکان، بۆ ئەوەی بە پراکتیکی فێری کارەکان ببن نەک تەنها بە تیۆری.

10. کردنەوەی بەشی زانستی نوێ لە کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان، کە گرنگی بە تەکنۆلۆژیای سەردەم و زیرەکی دەستکرد بدەن.

لە کۆتاییدا، پێمانوایە داڕشتنی ستراتیژییەتی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی یەکێکە لە کارە لە پێشینەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ئەوەی نەخشە ڕێگایەکی نوێ بێتە ئاراوە، کە بتوانێت بەشێکی زۆر لە کێشە و گرفتە کەڵەکەبووەکانی ڕابردوو چارەسەر بکات، گەشە بە ئابووری وڵات بدات، گەنجانی بەهرەدار و بەتوانا پێبگەیەنێت، کە لە کار و پیشەدا پشت بەخۆیان ببەستن و پڕۆژە و پیشەی نوێ و تایبەت بەخۆیان هەبێت. ئەمەش بارگرانی دامەزراندن لەسەر حکومەت کامدەکاتەوە و هاوردەکردنی کارکەر و پیشەگەری بیانیش سنووردار دەکات.