ئێران: هیچ پارەیەکی بلۆککراومان نەماوە و هەمووی ئازادکراوە

تمەنی ئێرانی و دۆلاری ئەمەریکی
تمەنی ئێرانی و دۆلاری ئەمەریکی

K24 - هەولێر

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، دوای ڕێککەوتنیان لەگەڵ ئەمەریکا سەبارەت بە ئازادکرانی پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە کۆریای باشوور و عێراق، ئێستا وڵاتەکەیان هیچ پارەیەکی بلۆککراوی لە هیچ وڵاتێکی دیکە نەماوە. گوتیشی لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا حەوت ئەوەندەی ساڵی ڕابردوو پارەیان لە عێراق وەرگرتووە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو لە بەرانبەر ئازادکردنی پێنج زیندانیی ئەمەریکی بە ڕەگەز ئێرانی لەلایەن کۆماری ئێسلامیی ئیرانەوە، شەش ملیار دۆلار پارەی بلۆککراوی ئەو وڵاتە لە کۆریای باشوور ئازاد دەکات؛ بەڵام عەلی باقریی کەنی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بە تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، بە پێی ڕێککەوتنی دوو وڵات، پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە عێراقیش ئازاد دەکرێت و ئەم پڕۆسەیە دەستیپێکردووە.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بە بێ ئەوەی ئاماژە بە بڕی ئەو پارەیە بکات کە لە عێراق ئازاد کراوە، ڕایگەیاند، لە ماوەی سێ حەفتەی ڕابردوودا، زیاتر لە  حەوت ئەوەندەی ساڵی ڕابردوو پارەی بلۆککراوی ئێران لە عێراق ئازاد کراوە.

جێگری وەزیری دەورەوەی ئێران ڕەتیشیکردەوە وڵاتەکەی لە بەرانبەر ئازادکردنی زیندانییەکاندا پارە بلۆککراوەکانی وەرگرتبێتەوە و ڕایگەیاند بە ئەمریکییەکانیان گوتووە، "زیندانییەکان تەنیا لە بەرانبەر ئازادکردنی زیندانییە ئێرانییەکاندا ئازاد دەکەین نەک لە بەرانبەر پارەدا".

بە گوتەی عەلی باقری، وڵاتەکەی لە ژمارەیەک وڵاتی دیکەش پارەی هەیە، بەڵام حکومەتی ئێران بڕیاری داوە جارێ پارەکەی لەو وڵاتانە بهێلێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی دووشەممە 21ـی ئابی 2023، ناسر كەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئەمەریکا بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بەندکراوەکان و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکەی ئێران، رایگەیاند: "ماوەی دیاریكراو بۆ جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە پێشتر راگەیەندراوە، ئەوپەڕی  دوو مانگە. لەسەر ئەو بنەمایە رێككەوتووین كە لەو ماوەیەدا ئاڵوگۆری بەندكراوەكان لەگەڵ ئەمەریكا بكرێت".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە، "نابێ زۆر گوێ لە لێدوانە رۆژنامەوانییەكانی دیكە و ئەو زانیاریانەی بڵاودەكرێنەوە بگرین. ئێستا پرۆسەكە بەباشی به‌ره‌وپێش ده‌چێت و ھیوادارین لەو ماوە دیاریكراوەدا رێككەوتنەكە جێبەجێ بكرێت و ئاڵوگۆری بەندكراوەكان لەگەڵ ئەمریكا كۆتایی پێ بێت".

رۆژی ھەینی رابردوو 18ـی ئابی 2023، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی بەندکراوان لەگەڵ ئەمەریکا، 10 ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی تاران لە کۆریای باشوور و عێراق ئازاد کراون.

پێشتر ئاژانسی ھەوڵی فەرمی ئێران بڵاوکردبووەوە، بەپێی رێککەوتنەکەی نێوان ئێران و ئەمەریکا لەبارەی ئاڵوگۆڕی بەندکراوان، تاران پێنج بەندکراوی ئەمەریکی ئازاد دەکات و لەبەرامبەردا، واشنتن پێنج بەندکراوی ئێرانی ئازاد دەکات.