وەزارەتی ژینگەی عێراق: زیاتر لە دوو هەزار کیلۆمەتر لە خاکی عێراق تائێستا مینڕێژکراوە

هەڵگرتنەوەی مین لە عێراق
هەڵگرتنەوەی مین لە عێراق

K24 – هەولێر:

وەزارەتی ژینگەی عێراق رایگەیاند، چوار هەزار و 600 کیلۆمەتر لە کۆی شەش هەزار و 700 کیلۆمەتر، لە رووبەڕی خاکی مینڕێژکراوی عێراق پاککراوتەوە و تائێستا دوو هەزار و 100 کیلۆمەتریش لە چاوەڕوانی هەڵگرتنەوەی مینە چێندراوەکاندایە.

رۆژی شەممە (26ـی ئابی 2023)، سەباح حوسەینی، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مین لە وەزارەتی ژینگەی عێراق رایگەیاند، تائێستا توانیویانە چوار هەزار و 600 کیلۆمەتریان لەناوچە جیاوازەکانی عێراق لە مین پاککردووەتەوە، جەختی لەوەشکردووەتەوە، ناوچە مینڕێژکراوەکان هەڕەشەیەکی راستەقینەن لەسەر ژیانی خەڵک و ئەو پرۆژانەی لە ناوچە گوندنشینەکان ئەنجام دەدرێت.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ژینگەی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، قەبارەی پیسبوونی ژینگەی خاکی عێراق لە ئەنجامی مینڕێژکردنی ناوچە جیاوازەکان لە ساڵەکانی شەستەکانی سەدەی رابردوو تاوەکو شەڕی داعش، زۆر گەورەیە و جۆراوجۆیەتیشی لە شێوازی مینەکاندا، پێشتر نموونەی نەبووە.

لەبارەی رووبەری پاککردنەوەی ئەو ناوچانەی مینڕێژکرابوون، سەباح حوسەینی باسی ئاماژەی بەوەکردووە، 59%ـی خاکە مینڕێژکراوەکانیان پاککردووەتەوە و ئێستاش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە لە هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری لە هەماهەنگی بەردەوامن بۆ پاککردنەوەی تەواوی ئەو ناوچانەی مینڕێژکراون.

هەروەها روونیکردەوە، بەپێی ئەو داتایەی لە بەردەستیاندایە، شەش هەزار و 700 کیلۆمەتر رووبەری مینڕێژکراو لە خاکی عێراق تۆمارکراوە و تائێستاش دوو هەزار و 100 کیلۆمەتر لە چاوەڕوانی تیمەکاندان بۆ هەڵگرتنەوەی مینەکان و دووپاتیشیکردەوە، کە لە هەوڵی ئەوەدان مەترسی لەسەر ژیانی گوندنشینەکان و خاوەنکاران نەهێڵن بۆ ئەنجامدانی پرۆژەکانیان بەبێ ترس.

ئەمەش لە کاتێکدایە بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای گشتی کاروباری مینی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022، دوو ملیۆن و 316 هەزار و 756 مەتر دووجا، لە مین و تەقەمەنی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان پاککراوەتەوە کە لە چاو ساڵی پێش خۆی چەند بەرامبەر رووبەری پاککراو زیادیکردووە.

هەر لە ساڵی رابردوودا، تیمەکانی دەزگای گشتی کاروباری مین و رێکخراوەکانەوە چوار هەزار 247 مینی دژەکەسی و دژە تانک و 34 هەزار و 308 پارچە تەقەمەنی سەرپێی(IED) و پاشماوەی جەنگی نەتەقیوو هەڵگیراونەتەوە.

هەروەها لە ساڵی 2021 دەزگاکە 601 هەزار و 151 مەتر دووجای لە مین و تەقەمەنی  پاککردووەتەوە، کە لە 21 کێڵگە مین وحەوت شەڕگە پێکهاتبوو، کە هەزار و 894 مینی دژە کەسی و دژە تانک و 22 هەزار و 918 پارچە تەقەمەنی سەرپێی(IED)  و پاشماوەی  جەنگی لە خۆ گرتووە.

هاوکات لە مانگی تەمموزی رابردوو، دەزگای گشتیی کاروباری مین لە کێڵگەیەکی مین لە چیای ئەزمەڕ، 124 مین و پاشماوەی جەنگی هەڵگرتەوە و لە بەرزاییەکانی بەردەبووکی ناحیەی گەڵاڵە لە دەڤەری باڵەکایەتیش، 800 مین و پارچەی تەقەمەنی پاشماوەی جەنگی جۆراوجۆری هەڵگرتەوە.

بەپێی ئامارەکان، لە ئەنجامی پاشماوەکانی شەڕی عێراق و ئێران لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو، هەروەها شەڕی داعش و شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا لەناوخاکی هەرێمی کوردستان، تائێستا زیاتر لە 700 کیلۆمەتر لە خاکی هەرێمی کوردستان بە ناوچەی مەترسیداری مینڕێژراو دادەنرێت و لە چاوەڕوانی هەڵگرتنەوەی مین و پاشماوەکانی جەنگدان.