نزیکەی دوو هەزار پارچەی شوێنەوار لە مۆزەخانەیەکی بەریتانیا دزرا

K24 - هەولێر:

نزیکەی دوو هەزار پارچەی شوێنەوار لە مۆزەخانەیەکی بەریتانیا دزرا، هاوکات هەندێکیان دۆزرایەوە، بەپێی ئەوەی سەرۆکی ئەم دامەزراوە رۆشنبیرییە رایگەیاند، رۆژێک دوای دەستلەکارکێشانەوەی بەڕێوەبەری کارگێڕی مۆزەخانەکە ئەو دزییە روویداوە.

لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەی بی بی سی، جۆرج ئۆسبۆرن، سەرۆکی مۆزەخانەکە، ئاماژەی بەوەدا کە بە تەواوی نازانێت چەند پارچە ونبووە، بەڵام بە روونی ئەوەی خستەڕوو کە "خەمڵاندنەکانم باس لە نزیکەی دوو هەزار دەکەن". باسی  لەوەشکرد، "دەستمان کردووە بە دۆزینەوەی ئەو کەلوپەلە دزراوانە.

ئۆسبۆرن گوتی: راگەیاندنی ئەو دزییانە شەرمەزارییەکی گەورە بوو بۆ دامەزراوەکە و "زیان بە ناوبانگی مۆزەخانەی بەریتانیا گەیاند".

ئەمەش لەکاتێکدایە هارتویگ فیشەر، بەڕێوەبەری کارگێڕی مۆزەخانەکە، تەمەن 60 ساڵ، لە ساڵی 2016ـەوە پۆستی بەڕێوەبەری کارگێڕی مۆزەخانەکەی بەدەستەوەیە، رۆژی هەینی دەستی لەکارکێشاوە، بەهۆی ئەوەی فشارێکی توندی لەسەر بوو سەبارەت بە لەدەستدانی زنجیرەیەک پارچە لە کۆکراوەکانی مۆزەخانەکە لە پێشوودا، کە هەندێکیان مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پانزدەهەمی پێش زایین.

مۆزەخانەی بەریتانی لە ساڵی 1753 دامەزراوە و لە کۆکراوەکانیدا کە پێکهاتوون لە هەشت ملیۆن پارچە بەردی بەناوبانگی رۆزێتا، کە بووە هۆی شیکردنەوەی هیرۆگلیفەکان و بە یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکان دادەنرێت بۆ سەردانیکەران لە بەریتانیا.