پەردە لەسەر پەیکەری سافی مەلا زادەی شاعیر هەڵدرایەوە

K24 - هەولێر:

لە رێوڕەسمێکدا، کە بەبۆنەی یەکەمین ساڵیادی کۆچی "سافی مەلا زادەی" شاعیر لە سەنتەری رۆشنبیری ئاڵا بۆ پەرەپێدانی هونەری بەڕێوەچوو، چەند چالاکییەکی هونەری ئەنجامدرا.

لە دەسپێکی رێوڕەسمەکەدا پارچەی میوزیکێکی غەمگین بۆ رۆحی ئەو شاعیرە پێشکەش کرا، پاشان "د. رامیار جەوهەر" کورتەیەک لە ژیان و بەرهەمە شیعرییەکانی خوێندەوە، کە پڕبوون لە جوانیی و خەیاڵ و داهێنان لە شیعری هاوچەرخدا، هەروەها پەیکەری وەفا بۆ خزمەتی شاعیری جوانەمەرگ سافی مەلا زادە پەردەی لەسەر لادرا و زنجیرەیەک وتار لە بارەی کەسایەتی و ژیان پێشکەش کرا.

د. رامیار جەوهەر بەرپرسی سەنتەری ئاڵا بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئەمڕۆ ئێمە یادی شاعیرێک دەکەینەوە، کە ژیانی بە وشە و داهێنان لە شیعری هاوچەرخدا بەخشیووە، کە هەمیشە وێڵ بووە بە دوای نوێگەریی لە نێو فەرهەنگ و ئەدەبی کوردیدا و لە دوای مەرگی ناوادەشی دا خەرمانێکی پڕ لە بەرەکەتی لە شیعردا جێهێشتووە، کە پڕە لە وشەی نوێ و جیاوازدا، بەتایبەت ئەو شیعرانەی بۆ عەشق و ئەوین نووسیویەتی تێکەڵ دەبن بە ناخی هەمووان و دەیان چیرۆکی خۆشەویستین لە ژیانی ئێمەدا، بۆیه لەم ساڵیادە غەمگینەدا بەڵێن دەدەین تا دنیا مابێت یاد و یادەوەری ئەم شاعیرە لاوە پڕ بەخششە بەرز رادەگرین و لە دڵی هەمووماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە".

ف
گ