113 ساڵ ته‌مه‌نیه‌تی و خۆپیشاندان ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
پیره‌ژنێكی ته‌مه‌ن " 113 " ساڵ به‌شداری خۆپیشاندانی پاڵپشتی دیموكراسیه‌تی كردووه له توركیا، كه له قه‌زای " تورگوتلو" ی پارێزگای "مانیسا" ی ڕۆژئاوای وڵات به‌ڕێوه چووه، له چوارچێوه‌ی ئه‌و چالاكیانه‌ی بۆ ڕه‌تكردنه‌وه و دژرایه‌تی كوده‌تا له‌و وڵاته‌دا به‌ڕێوه ده‌چێت.
"عائیشه قه‌ره‌بۆبار" له ڕیزی پێشه‌وه‌ی ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌دا ده‌ركه‌وتووه، كه ئێواره‌ی ڕۆژی دوو شه‌ممه ڕێككه‌وتی 25/7/2016 بۆ ڕه‌تكردنه‌وه و دژایه‌تی كوده‌تاكه به‌ڕێوه چووه، ئه‌و پیره‌ژنه ته‌مه‌ن 113 ساڵه‌یه ئاڵایه‌كی توركیای به ده‌سته‌وه گرتووه و ملپێچێكیشی له مل كردبوو كه ناوی سه‌رۆككۆماری توركیا، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی له سه‌ر نوسرابوو.
عائیشه قسه‌ی بۆ میدیایه‌كی ناوخۆیی توركیا كردووه و گوتوویه‌تی" من باش ده‌زانم كوده‌تا چییه و باری نائاسایی چییه،هه‌موومان له ناویدا ژیاوین،ده‌زانم له سایه‌یدا گه‌ل توشی چی بووه، بۆیه داوام له منداڵه‌كانم كردووه بمهێنن بۆ ئێره،چونكه نامه‌وێت جارێكی دیكه كوده‌تا ببینم له وڵاته‌كه‌مدا،داوا له خوا ده‌كه‌م وڵاته‌كه‌م بپارێزێت".
له سه‌ره‌تای كوده‌تاكه‌وه و وه‌ك به ده‌نگه‌وه‌هاتنێك بۆ سه‌رۆككۆماری توركیا كه داوای له خه‌ڵك كرد بێنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و دژی كوده‌تا هه‌ڵوێست بنوێنن، له زۆربه‌ی ناوچه‌كانی توركیا ڕۆژانه خۆپیشاندان له دژی كوده‌تا به ڕێوه‌ده‌چێت.