کۆریای باکوور سنوورەکانی بەرووی هاووڵاتییانی لە دەرەوەی وڵات کردەوە

K24 - هەولێر

میدیا فەرمییەکان ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویان کردەوە، کۆریای باکوور دوای رێکارەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا جارێکی دیکە سنوورەکانی بەڕووی هاووڵاتییانی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات کردەوە و رێگەیان پێدراوە بچنەوە وڵاتەکە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور، ناوەندی سەرەکی خۆپاراستن لە پەتای فریاگوزاری رایگەیاندووە، "رێگە بە هاووڵاتییانی دەرەوەی وڵات دراوە بگەڕێنەوە وڵات".

ئاماژەی بەوەشکرد، "گەڕاوەکان دەخرێنە ژێر چاودێری پزیشکی لە بەشی کەرەنتینە بۆ ماوەی یەک هەفتە".

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارەکە لەژێر رۆشنایی دابەزینی دۆخی پەتازانی لە هەموو ناوچەکانی جیهان دراوە. هەروەها کۆریای باکوور لە سەرەتای ساڵی 2020 سنوورەکانی داخست بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.