وەزارەتی پلاندانان: ملیۆنێک منداڵ بێبەشن لە خۆراک و تەندروستی و پەروەردە

K24 - هەولێر

ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان مەزەندە دەکەن کە ملیۆنێک منداڵی عێراقی بێبەشبن لە خۆراک و تەندروستی و پەروەردە، ئەمە جگە لەوەی رێژەیەکی ئەوانەی دەخەنە سەر کار پێش ئەوەی بگەنە تەمەنی پێگەیشتوو، ئاماژە بەوەشکرد، توندوتیژی لە دیاردەی کارکردنی منداڵانەوە دروست دەبێت .

گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، عەبدولزەهرە ئەلهنداوی،بە رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی رایگەیاند، "منداڵان نوێنەرایەتی توێژێکی کۆمەڵایەتی دەکەن کە نزیکەی 40%ی ئەو پێکهاتەیە، بەو پێیەی توێژێکی ناسکە کە بەهۆی بارودۆخی سەختی وڵاتەوە لە ساڵانی رابردوودا کاریگەری لەسەر بووە، هەروەها کردەکانی تیرۆر و پەتاکان و قەیرانە ئابوورییەکان، کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵان هەبووە."

ئاماژەی بەوەشکرد، "یەک ملیۆن منداڵ بەدەست بێبەشبوونی خۆراک و تەندروستی و خوێندنەوە دەناڵێنن، ئەمە جگە لەوەی 5%یان دەخرێنە سەر کار بەرلەوەی تەمەنیان پێبگات، ئەمەش ئەو توندوتیژیانەی کە منداڵان هەیانە ئاشکرا دەکات"، بە زۆری هۆکاری سەرەکی کارکردنی منداڵان هەژاریە، بەوهۆیەوە خێزانەکان منداڵەکانیان دەنێرن بۆ کارکردن.

گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی دەشڵێت: "وەزارەتەکە کار لەسەر ئامادەکردنی ستراتیژییەکی پێنج ساڵە دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژاری، پێش دەستپێکردنی بەڵگەنامەی نیشتمانی بۆ سیاسەتی دانیشتووان، کە لایەنێکی تایبەتی لەبارەی ماف و پێداویستییەکانی منداڵان لەخۆگرتووە"، ئاماژەی بەوەشکرد، یارمەتییە داراییەکان بۆ قوتابیان و خوێندکاران لەنێو ئەو ڕێوشوێنانەیە کە حکومەت دەیگرێتەبەر بۆ پشتگیریکردنی هەژاران و توانای تەواوکردنی خوێندنیان، جگە لەوەی هاندانی کچان بۆ تەواوکردنی خوێندن لە رێگەی دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ ژیانێکی شایستە.