یەکێتی لە هەولێر ئامادەکاری بۆ کۆنگرە دەکات

مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی یەکێتی لە هەولێر کۆدەبنەوە
بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر
بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر

K24 – هەولێر

مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی پێنجەم لە هەولێر کۆدەبنەوە.

میدیای فەرمی یەکێتی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە 27/8/2023، بەسەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی، مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە شاری ھەولێر کۆدەبنەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكان وەک ئامادەكارییە بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی، لە كۆبوونەوەكاندا باس لە دیاریكردنی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرە دەكرێت.

روونکراوەتەوە، كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەکێتی کاتژمێر 11 و كۆبونەوەی سەركردایەتی یەکێتی کاتژمێر 2ی پاش نیوەڕۆ دەبێت.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی لیژینەی باڵای ئامادەكاری كۆنگرە پێكدێت لە سەرۆكی دەزگای ھەڵبژاردنی یەكێتی و مەكتەبی رێكخستن و بۆردی ناوەندی كاروباری یاسایی و لێپرسراوی مەڵبەندی دیراسات.

 لە کۆبونەوەی رۆژی یەکشەممە (20ـی ئابی 2023)، مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کەرکووک بڕیاردرا رۆژی 27ـی ئەیلوولی 2023) کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە (21ـی کانوونی یەکەمی 2019) کۆنگرەی چوارەمی خۆی لە شاری سلێمانی ئەنجامدا و بەشێک لە پەیکەری رێکخستنی حزبەکەی گۆڕی و بۆ یەکەمجار سیستەمی هاوسەرۆکی لەناو حزبەکە داهێنا، بەڵام بەهۆی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئەو حزبە، رووداوەکانی هەشتی تەمموزی 2021ـی بەدوای خۆیدا هێنا و بە بڕیارێک لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی ئەو حزبە دوورخرانەوە، دواتر بە بڕیارێکی دادگا ئەو مافە بۆ لاهور شێخ جەنگی گەڕاوەتەوە کە دەسەڵاتەکانی خۆی پەیڕەو بکات، بەڵام لەناو حزبەکەی رێگریان لێ دەکرێت.