چوارەم کۆنگرەی نائاسایی هەدەپە لە ئەنقەرە دەستیپێکرد

هەدەپە دوو هاوسەرۆکی نوێ هەڵدەبژێرێت
چوارەم کۆنگرەی نائاسایی هەدەپە لە ئەنقەرە - فۆتۆ: فوڕال ئیرشمش
چوارەم کۆنگرەی نائاسایی هەدەپە لە ئەنقەرە - فۆتۆ: فوڕال ئیرشمش

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ یەکشەممە 27/8/2023، چوارەمین کۆنگرەی نائاسایی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە ئەنقەرەی پایتەخی تورکیا دەستیپێکرد.

لە کۆنگرەی نائاسایی هەدەپە هەر یەک لە سوڵتان ئۆزجان و جاهید کرکازاک، بۆ هاوسەرۆک کاندیدن و شوێنی پەروین بوڵدان و مەدحەت سنجار هاوسەرۆکانی پێشوو دەگرنەوە.

پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، لە چوارەمین کۆنگرەی پارتەکەی وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: "رێز لە هەموو ئەو کەسانە دەگرن کە بۆ ئاشتی لە تورکیا تێدەکۆشن، خەباتی ئێمە بۆ ئاشتی بەردەوام دەبێ تا دایکان فرمێسک دەسڕنەوە".

گوتیشی: "راستە کۆنگرەیەکی بچووک بەڕێوەدەبەین، بەڵام دەمانەوێت گۆڕانکاری گەورە بکەین، ئەوانەی دەیانەوێت هەدەپە لەناو ببەن، دەبێ ئەوە باش بزانن لە رێگەی دۆسیەی داخستن ناتوانن کۆتایی بە هەدەپە بێنن، خەباتی ئێمە لە هەموو شوێنێک بەردەوام دەبێت، لە دادگا، بەندیخانەکان و لە دڵی ئەوانەیە کە داوای ئاشتی و دیموکراسی دەکەن، بۆیە ئەوانەی دەیانەوێت ئێمە لەناو ببەن پێیان دەڵێین سەرەڕای هەموو فشارێک ئێمە لە خەبات بەردەوامین و هیچ هەنگاوێک ناڕۆینە دواوە، ئەوانەی کە لە هەدەپە نەگەیشتوون دەتوانن سەیری خەباتی رابردوومان بکەن".

ئەم کۆبگرەی هەدەپە لەکاتێکدایە فشاری زۆر هدەیە داخستنی پارتەکە، ئەگەر دانەخرێت ئەوا وەک پارتێکی سەرەکی دەمێنێتەوە، هەروەها پارتی چەپی سەوز کە هەدەپە هەموو کاروباری سیاسی خۆی رادەستی ئەو پارتە کردووە مانگی ئەیلوولی داهاتوو کۆنگرە دەبەستێت.

لە ماوەی رابردوودا پرسی داخستنی هەدەپە بووەتە پرسێکی گەرم لە نێو سیاسەتی تورکیا، لەو چوارچێوەدا لە 5/1/2023دا دادگای دەستووری تورکیا بڕیاریدا بەشێوەیەکی کاتی هاوکارییەکانی هەدەپە لە گەنجینە رابگیرێت.

ئەو بڕیارەی هەدەپە بۆ بەستنی کۆنگرەی نائاسایی، دوای ئەوە دێت لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاری 2023، دەنگەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیون. لەنێوان ساڵانی 2013 بۆ 2015 و بە دیاریکراویش لە قۆناغی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا، هەدەپە توانی دەنگی خۆی بگەیەنێتە لوتکە و 80 کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا بارودۆخەکە پێچەوانەبوو دەنگێکی زۆری لەدەستدا، دوای راگەیاندنی ئەندامەکانی هەڵبژاردن لە (4ـی حوزەیرانی 2023)، هەریەکە لە مەتحەت سەنجار و پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکانی هەدەپە بەهۆی ئەنجامە خراپەکانیان لە هەڵبژاردنەکان رایانگەیاند، لە کۆنگرەی پێشوەختەی پارتەکەیان خۆیان کاندید ناکەنەوە.

هەدەپە تائێستا پێنج کۆنگرەی ئاسایی و سێ کۆنگرەی نائاسایی بەستووە، دوایین کۆنگرەی ئاسایی ئەو پارتەش لە 3/7/2022 بوو بە درووشمی ( ئێمە چارەسەرین) لە کۆنگرەکەدا پەروین بوڵدان و مەدحەت سنجار وەک هاوسەرۆکی هەدەپە هەڵبژێردرانەوە.

بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی هەدەپە دوو ساڵدا جارێک کۆنگرە دەبەستێت، بەڵام هەندێکجار بەهۆی بارودۆخی ناوخۆ و سیاسەتی گشتی کۆنگرەی حزبەکان زووتر دەکرێت یان دوادەکەوێت.

پارتی دیموکراتی گەلان ( هەدەپە) لە 15 تشرینی یەکەمی 2012 لە ئەنقەرە دامەزراوە، تا ئێستا چوار كۆنگرەی ئاسایی حزبەكە بەڕێوەچووە، بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حزبە، ھەدەپە پارتێکی سۆسیال دیموکراتە، پابەندە بە دژایەتیکردنی سیستمی سەرمایەداری و تێدەكۆشێ بۆ کۆتایھێنان بە ھەڵاواردنی ئایینی، رەگەزایەتی و نەتەوایەتی. ھەدەپە لەلایەن چەند کوردێکی چەپڕەو دامەزراوە و سێ لە کەسە دیارەکانی ئەو پارتە پێشتر لە پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) بوون لەوانە سری سورەیا ئوندەر.