تورکیا دانیشووانی باكووری سووریا ناچار دەکات فێری زمانی تورکی ببن

K24 - هەولێر

تورکیا هەڵمەتێکی دەستپێکردووە بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی زمانی تورکی لەو ناوچانەی سووریا کە لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیدایە.

هاوکات لەگەڵ حەفتەمین ساڵیادی ئۆپەراسیۆنی "قەڵغانی فورات" کە لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە لە شاری حەلەبی باکووری سووریا ئەنجامدرا، دامەزراوەی رۆشنبیری "یونس ئیمرە"ی تورکیا هەڵمەتێکی نوێی دەستپێکرد بە ئامانجی فێرکردنی 300 هەزار منداڵی ناوچەکە بە زمانی تورکی و تێکەڵکردنیانیان بە کولتوری تورکیا.

لەکاتی کردنەوەی لقی پەیمانگاکە لە شاری ئەلباب، سەرۆکی پەیمانگاکە، شەرەف عەتیش لە وتارێکدا گوتی: ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە 300 هەزار منداڵی ناوچەکە فێری زمانی تورکی بکەین، لە سەرانسەری ناوچەکەدا، دەشڵێت: سەنتەرەکانمان پڕن لە منداڵ و گەنج، هەروەها تورکیا نەمامی پاک دەچێنێت لە جوگرافیایەکدا کە شەڕ و خوێن زاڵە، ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی ئەم هەرێمە سەوز بکەین و بە زیندوویی بهێڵینەوە، بە رێنمایی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا.

بەرپرسی لقی نوێی "یونس ئیمرە" لە شاری ئەلباب، هیلال چۆلاک، رایگەیاندووە، ناوچەکە چووەتە ناو پرۆسەی بوژانەوەی خێرا، ئەوان بە روونی ئەو سوودانەیان بینیوە کە لە تورکیاوە بۆیان دابین کراوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئارەزووی فێربوونی زمانی تورکی بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش لە زیادبووندایە، وە کەسانێک هەن کە لە تورکیا خوێندوویانە و جارێکی دیکە گەڕاونەتەوە ئێرە، ئێمە پێش کردنەوەی فەرمی دەستمان بە کارەکانمان کردووە لە ئەلباب، هەروەها 3 گروپی سەرەکیمان هەیە کە بۆ فێربونی زمانی تورکی، ئەوانیش بریتین لە: منداڵان، قوتابیانی ئامادەیی، و ئەوانەی ئارەزووی شارەزابوون لە زمانی تورکی دەکەن بۆ ئەوەی کاروبار بکەن، هەروەها نزیکەی هەزار کەس لە شاری ئەلباب تا ئێستا بڕوانامەی فێرکردنی زمانی تورکییان بەدەستهێناوە.

فراوانبوون و کردنەوەی ناوەندەکانی زمانی تورکی لە رێگەی ئینستیتیوتی رۆشنبیری یونس ئیمرە، کە ئامرازی سەرەکی بڵاوکردنەوەی زمانی تورکیە لە دەرەوەی وڵات، جگە لەوەی کە چالاکوانان و روانگەی کار لە باکووری سووریا پشتڕاستیان کردۆتەوە، کە تورکیا هەوڵدەدات دوای داگیرکردن، ناوچەکە بە"سیاسەتی تورکیکردنی سیستەماتیک" بکات.

تەندروستی، پەروەردە، پۆستە، ئاڵوگۆڕ، کارەبا، ئاو، تەلەفۆن، و پێداویستیەکانی تری ژیانی رۆژانە لە لایەن بەرپرسان و فەرمانبەرانی تورکیاوە بەڕێوەدەبرێن، لیرەی تورکی جێگەی لیرەی سووری گرتووەتەوە و پرۆگرامی تورکی لە قوتابخانەکانی ئەو ناوچانەدا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.

تورکیا لقی بەشێک لە زانکۆکانی تورکیای کردەوە، وەک زانکۆی حەران لە سانلیورفا باکووری سووریا و زمانی تورکی لەو ناوچانەدا سەپێندرا کە لەلایەن هێز و فراکسیۆنە تورکییەکانەوە کۆنترۆڵکرابوون بۆ دروستکردنی نەوەیەکی سەر بە کولتووری تورکی.

ئەو ناوچانەی کە تورکیا و میلیشیا دڵسۆزەکانی کە بە "سوپای نیشتمانی سووریا" ناسراوە، پەیوەست بوون بە دەوڵەتە سنوورییەکانی باشووری تورکیا: هاتای، غازی عەنتاب و سانلیورفا.

چالاکوانان ئاماژەیان بەوە کردووە، تورکیا بە ئەنقەست تۆماری مەدەنیی خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکانی سوریای گۆڕیوە، هەروەها ناسنامە و خێزانی سووریای لەو کەسانەی لەو ناوچانە نیشتەجێن وەرگرتووە و ناسنامەیەکی تورکی لە شوێنی داناوە.

هەروەها ناوی زۆربەی شەقام و گەڕەکەکانی ئەو ناوچانە گۆڕدراوە بۆ تورکی و مامەڵەکردن لەگەڵ زمانی تورکی و لیرەدا سەپێندراوە، بەتایبەتی لە شارەکانی ئەلباب، عەفرین، جەرابلوس، عەزاز، ئەختارین، مارع، سەرێ کانی و گرێ سپی.

روانگەکانی مافی مرۆڤ رایانگەیاندووە، سیاسەتەکانی بە تورکیکردن لە ناوچەکانی زۆرینەی کورد لە سووریا، وەک عەفرین، سەرێ کانی و گرێ سپی، سیمایەکی توندتری بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە سەدان هەزار کورد لەوناوچانە کۆچ بکەن. هەروەها هێما کوردییەکان لابراون و ناوی کوردی شەقام و ناوەند و گەڕەکەکان گۆڕدراون و لەجێگایان ناوی تورکی دانراون و ئاڵای تورکیا و وێنەی رەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەر قوتابخانە و نەخۆشخانەکان و سەرجەم ناوەند و دامەزراوەکان و گۆڕەپانەکان دانراون، بە ئامانجی سڕینەوەی ناسنامەی کوردی ئەو ناوچانە.

​سەرچاوە/ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت