عێراق و هەرێمی كوردستان لیژنەیەکی هاوبەشیان سەبارەت بە یاسای نەوت و گاز پێکهێنا

ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

K24 - هەولێر:

ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات عێراق و هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی هاوبەشیان بۆ پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز پێکهێناوه‌، ده‌شڵێت كه‌سێكی گونجاو هه‌یه‌ بۆ ته‌واوكردنی ره‌شنووسی یاسای نه‌وت و غاز.

ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه‌ 27ـی ئابی 2023) فیراس مەسلەماوی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، عێراق و هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی هاوبەشیان بۆ پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز پێکهێناوه‌. گوتیشی، لیژنەکە هەر یەکە لە وەزیری نەوتی عێراق، وەزیری سامانە سروستییەکانی هەرێم، بەرێوبەری گشتی سۆمۆ، نوێنەری پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت لەخۆ دەگرێت.

مەسلەماوی ئاشکراشی کرد، کەشێکی گونجاو بۆ تەواوکردنی رەشنووسەکە هەیە و چاوەڕێ دەکرێت لە وەرزی نوێی یاسادانانی ئەنجوومەنی نوێنەران دوای  چوار مانگ، یاسای نەوت و گاز پەسەند بکرێت.

وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی 6ـی ئابی 2023، ئەنجامی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی یاسای نەوت و غاز راگەیاند و جەختی لەسەر ئەوەشکردووەتەوە کە هەنگاوەکانی تەواوکردنی رەشنووسی یاسای نەوت و غاز خێراتر دەکرێت.

لە راگەیەندراوێکدا، وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەکردبوو، بە پشتبەستن بەو پاکێجە چاکسازییە یاساییانەی کە لە کارنامەی حکومەتدا هاتبوون، بە تایبەتی ئەوەی لە بڕگەی 23ـدا هاتووە لەبارەی ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای نەوت و غاز، بۆ پەلەکردن لە تەواوکردنی رەشنووسەکە بە بەشداری سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوەیەک به‌ ئامادەبوونی هەردوو جێگری سەرۆکوەزیران، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و شاندی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت و ژمارەیەک لە راوێژکارانی سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی وەزارەتی نەوت، ئه‌نجام درا.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی نەوت لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگی و ئامانجەکانی یاسای نەوت و ‌غاز کراوە و جەخت لە پێویستی تەواوکردنی لە زووترین کاتدا کراوەتەوە، بە بەشداری شاندی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی بەرهەمهێنەری نەوت، و نوێنەرانی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر بنەمای کارنامەی حکومەت کە لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکراوە.

هەروەها کۆبوونەوەکە جەختی لەسەر ئەوەش کردبووه‌وه‌، دەبێت یاسای نەوت و غاز ببێتە پاڵپشتییەکی سەرەکی بۆ بەرەوپێشبردنی وەبەرهێنان لە سێکتەری نەوت و غاز بە باشترین پێوەرە نێودەوڵەتییەکان کە لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراق بێت.