کابینەی نۆیەم 3263 کەسی لەسەر سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی خانەنشین کردووە

کارکردن لە پرۆژەیەک - وێنە: ئەرشیف
کارکردن لە پرۆژەیەک - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کابینەی نۆیەمدا، زیاتر لە سێ هەزار کەس لەسەر سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی خانەنشین کراون و زیاتر لە 56 ملیار دیناریش بۆ ئەو کرێکارانەی دەستەبەرکرابوون گەڕێندراوەتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لەماوەی کارکردنی کابینەی نۆیەمدا، 10 هەزار و 757 پرۆژە و 138 هەزار و 92 کرێکاری ناوخۆیی و بیانی، دەستەبەرکراون و پڕۆسەکەش بەردەوام دەبێت.

مەریوان بەگۆک، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاندووە، پڕۆسەی دەستەبەرکردنی کرێکاران، لەپێناو خانەنشینبوون و قەرەبووکردنەوە و پاداشتی کۆتایی خزمەتیانە، کرێکاران دەتوانن سوود لەم دەستەبەرە وەربگرن و لەرێگەی چەکی بانکییەوە تەواوی شایستەکانیان وەربگرن، ئەمە جگە لەوەی مافی کرێکار بەسەر خاوەنکارەوە ناهێڵێت.

هەر بەگوێرەی ئامارەکان، کابینەی نۆیەم سێ هەزار و 263 کەسی لەسەر سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی خانەنشین کردووە، هەروەها 56 ملیار و 226 ملیۆن دیناریش کە پاداشتی حەوت ساڵی رابردوو بووە، لەم چوار ساڵە گەڕێندراوەتەوە بۆ کرێکاران.

بەگوێرەی یاسا و رێنماییە بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو کرێکارانەی کە دەستبەرکراون، سەرجەم مافەکانیان پارێزراو دەبێت و بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیش داوای لە کرێکاران کرد، هەرچی زووە پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بکەن و لەپێناو ئاییندەیەکی باشتر، خۆیان دەستەبەر بکەن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاندووە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کردار سەلماندوویەتی پاڵپشتی چینی کرێکارانە و هەموو هەوڵێکیش دەدات بۆ خزمەتکردنییان.