حەشدی شەعبی و عەرەبی کەرکووک دژی رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی خۆپیشاندان دەکەن

کەرکووک
کەرکووک

K24 – کەرکووک:

لەدژی رادەستکردنەوەی بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، حەشدی شەعبی و عەرەبە هاوردەکان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و رێگەی سەرەکی هەولێر - کەرکووکیان داخست.

دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی دەرکرد بە گەڕاندنەوەی بارەگا داگیرکراوەکانی پارتی لە کەرکووک، دەنگی ناڕەزایەتی لەلایەن بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی و هێزەکانی حەشدی شەعبی و عەرەبە هاوردەکانی کەرکووک بەرزبووەوە.

پارتی لە شاری کەرکووک 33 بارەگای هەبووە و هەرچەندە بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 زۆربەی بارەگاکانی پارتی ئێستا لە کەرکووک چۆڵکراوە، بەڵام بارەگای سەرەکی ئەنجوومەنی سەرکرایەتی پارتی لە کەرکووک تائێستا لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکووکەوە داگیرکراوە.

له‌ 16ـی ئۆكته‌ری ساڵی 2017، هێزێكی كوردی به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی، شاری كه‌ركووكی راده‌ست كرده‌وه‌، له‌وكاته‌وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ته‌واوی باره‌گاكانی له‌و شاره‌ چۆڵكرد و به‌ شارێكی داگیركراوی وه‌سفكرد، ئێستاش دوای پێكهێنانی حكومه‌ته‌كه‌ی سوودانی و رێككه‌وتنی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت، پارتی دەیەوێت بارەگاکانی خۆی بە فەرمی لە كه‌ركووك بکاتەوە.

وابڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق بە پارێزگای کەرکووکیشەوە ئەنجام دەدرێت کە لە ساڵی 2005ـەوە ئەم هەڵبژاردنە لە کەرکووک ئەنجامنەدراوە، ئیدارەی سەپێنداوی کەرکووک و بەشێک لە لایەنەکان لە هەوڵی ئەوەدان پرسی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک بۆ راکێشانی سۆزی دەنگدەرانیان بەکاربهێنن.

لە هەڵبژاردنەکانی 2005ـدا، لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە کەرکووک بە لیستی برایەتی كەركووك، بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرد و 26 کورسی لە کۆی 41 کورسی ئەنجوومەنەکە بەدەستهێنا وەک لیستی یەکەم لە کەرکووک بەڵام دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، هەموو دەسەڵاتەکان لەلایەن پارێزگارێکی سەپێندراوی عەرەبەوە قۆرخکراوە.