وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بۆ کوردستان24: دیار نییە کەی ئەردۆغان سەردانی عێراق دەکات

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا | وێنە: AA
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا | وێنە: AA

K24 - هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایدەگەیەنێت، کاتی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق دیار نییە و رەتیدەکاتەوە بەرنامەی سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ بەغدا ئاشکرابکات.

ئەمڕۆ دووشەممە 28ـی ئابی 2023، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە وەڵامی پرسیارێکی کوردستان24 لەبارەی کاتی هاتنی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق، رایگەیاند: "تا ئێستا دیار نییە کەی سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی بەغدا دەکات".

لەبارەی ئەوەی، دوای بەغدا، ئەردۆغان سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات یان نا؟ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە دا، "ناتوانین بەرنامەی سەردانەکە بۆ هیچ لایەنێک ئاشکرا بکەین".

دوێنێ یەکشەممە 27ـی ئابی 2023، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، کە بە یاوەری شاندێک سەردانی ئیستانبوڵی کردبوو، لەبارەی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "دەمانەوێت پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە باشتر ببن، بۆیە لەگەڵ ئەوەداین هەر شاندێکی تورکیا کە سەردانی عێراقی کرد، سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات".

"ئەردۆغان سوورە لەسەر سەردانیکردنی عێراق"

رۆژی چوارشەممە 23ـی ئابی 2023، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، ئاشکرایکرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا "سوورە لەسەر سەردانیکردنی بۆ عێراق"، بەبێ ئەوەی وادەی سەردانەکە ئاشکرا بکات.

هاکان فیدان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق گوتبووی، "چاوەڕێدەکرێت هەفەتی داهاتوو (سەرەتای مانگی ئەیلوول) وەزیری بازرگانی تورکیا سەردانی بەغدا بکات".

ئەردۆغان بۆ پێنج دۆسیەی سەرەکی سەردانی عێراق دەکات

وابڕیارە لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق کە تاوەکو ئێستا وادەکەی رانەگەیەندراوە، پێنج دۆسیەی سەرەکی لە ئەجێندای کۆبوونەوەکانی بێت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان، لە سەرووی هەمووشیانەوە، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و هەروەها ئەردۆغان چاوی لە بەدەستهێنانی گرێبەستی ئەنجامدانی رێگەی گەشەپێدانە بۆ کۆمپانیا تورکییەکان.

ئەم سەردانەی ئەردۆغان بۆ بەغدا دەبێتە یەکەم سەردانی سەرۆککۆماری تورکیا لەوەتی سەردانەکەی تورگوت ئۆزال لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، هەرچەندە لە ساڵانی 2008 و 2011، ئەردۆغان وەک سەرۆکوەزیرانی تورکیا سەردانی بەغدای کرد لەوکاتەشدا نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو.