وەزیری دەرەوەی لیبیا لە کارەکانی سڕکرا و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت

نەجلا مەنقوش، وەزیری دەرەوەی لیبیا
نەجلا مەنقوش، وەزیری دەرەوەی لیبیا

K24 - هەولێر

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن حکومەتی یەکگرتوویی نیشتمانی لیبیا بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هاتووە، عەبدولحەمید ئەلدەبەیبە، سەرۆکوەزیرانی لیبیا، وەزیری دەرەوەی لیبیای لە کارکردن راگرت و رەوانەی لێکۆڵینەوەی کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل یەکەمین دیداری نێوان وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، ئێلی کۆهین و وەزیری دەرەوەی لیبیا، نەجلا مەنقوش، ئاشکرا کرد، کە هەفتەی رابردوو لە ئیتاڵیا کۆبونەوەیان ئەنجامداوە، بە ئامانجی لێکۆڵینەوە لە ئەگەرەکانی هاوکاری، بنیاتنانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پاراستنی میراتی جوولەکەکانی لیبیا.

بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، کۆهین رایگەیاندووە، "کۆبوونەوە مێژووییەکەی لەگەڵ نەجلە مەنقوش، وەزیری دەرەوەی لیبیا، هەنگاوی یەکەمە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و لیبیا".

ئاماژەی بەوەشکرد، قەبارە و شوێنی ستراتیژی لیبیا گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ پەیوەندییەکانی نێوانیان و توانایەکی گەورەشە بۆ ئیسرائیل.

کۆهین لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لیبیا قسەم کردووە سەبارەت بە توانا گەورەکانی هەردوو وڵات لە پەیوەندییەکانی نێوانیانەوە، هەروەها سەبارەت بە گرنگی پاراستنی میراتی جولەکەکانی لیبیا کە بریتییە لە نۆژەنکردنەوەی کەنیسە و گۆڕستانی جولەکەکان لە وڵاتەکەدا.

​بەو هۆیەوە سەرۆکوەزیرانی لیبیا، نەجلا مەنقوشی لە کارەکانی راگرت و رەوانەی لێکۆڵینەوەی کردووە.