بە فەرمانی مەسرور بارزانی چەند پڕۆژەیەکی رێگاوبان لە سنووری کفری جێبەجێ دەکرێن

K24 – هەولێر

بە فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوو پڕۆژەی رێگاوبان لە سنووری قەزای کفری جێبەجێ دەکرێن، کە داواکاری سەرەکی دانیشتوانی سنوورەکەیە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ی راگەیاند، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رەزامەندی دا بە دروستکردن و قیڕکردنی رێگای  12 ئیمام – قەرەبڵاغ، کە تێچووەکەی شەش ملیار دینار و 21 ملیۆن و 555 هەزار دینارە، کە یەکێکە لە داواکارییەکانی دانیشتووانی قەزای کفری، ئەو رێگایە رێگایەکی سەرەکییە و کۆمەڵێک گوندی ناوچەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، هاوکات سەرۆکی حکومەت، رەزامەندی دا لەسەر دروستکردنی رێگای دێلێژە – سەنگاو، لە قەزای کفری، بە بڕی یەک ملیار دینار، کە ئەمەشیان یەکێک بوو لە داوا سەرەکییەکانی دانیشتوانی قەزای کفری.

لە سەرەتای مانگی تەممووزی 2023، دانیشتوانی قەزای کفری مانگرتنیان راگەیاند و کەموکوڕی و پێداویستییەکانی ناوچەکەیان خستەڕوو، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بەڵێنی بە خەڵکی کفری دا کە داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێن، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەک پێکهێنرا و سەردانی کفریان کرد، دواتر ژمارەیەک لە داواکارییەکانی خەڵکی کفری جێبەجێکران.