سەرۆک بارزانی: مەتران رەبان ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبوو لە پاڵپشتیكردنی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان

سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی

K24 - هەولێر

سەرۆک بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری مەتران رەبان ئەلقەس دەکات و دەڵێت، "ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبوو لە بڵاوکردنی فەرهەنگی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە كوردستان و پاڵپشتیكردنی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان".

ئه‌مڕۆ دووشەممە 28ـی ئابی 2023، مەتران رەبان ئەلقەس كه‌سایه‌تی دیاری كریستیانان و مەترانی پێشووی كەنیسەی کلدانی لە دهۆک بە ‌نه‌خۆشی له‌ ته‌مه‌نی 74 ساڵییدا له‌ نەخۆشخانەی ئازادی شاری دهۆک كۆچی دوایی كرد.

سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا، سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری مەتران رەبان ئەلقەس و کریستییانەکانی كوردستان و جیهان دەکات و "خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم".

وەکو ئەوەی سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی پێ کردووە "خوالێخۆشبوو مەتران رەبان ئەلقەس ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبوو لە بڵاوکردنی فەرهەنگی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە كوردستان و پاڵپشتیكردنی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان".

سەرۆک بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێت: "لە خودای گەورە داواكارم ڕۆحی خوالێخۆشبوو مەتران رەبان ئەلقەس بەر دلۆڤانی خۆی بخات و بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت".

مه‌تران ره‌بان خه‌ڵكی گوندی كانێی سه‌ر به‌قه‌زای ئامێدیی بوو. سبەی سێشەممە 29ـی ئابی 2023، تەرمەکەی لە رێوڕەسمێکدا له‌ کۆمەڵگەی كانێ له‌ زێدی خۆی له‌سنووری قه‌زای ئامێدی به‌خاك ده‌سپێردرێت.