وەزیری وزەی تورکیا: بۆری نەوتی نێوان تورکیا و عێراق چالاک دەکەینەوە
K24 – هەولێر:
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا دەڵێت، لە نزیکترین کاتدا بۆری گواستنەوەی نەوتی جەیهان نۆژەن و چالاک دەکەنەوە.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند، لە کۆی گشتیدا تورکیا سێ ملیۆن و نیو بەرمیل نەوت رەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکات، کە لەنێوینادا بۆری نەوتی نێوان تورکیا و عێراق نزیکەی 500 هەزار بەرمیل رۆژانە رەوانە دەکرێت.
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، ئاماژەی بەوەشدا، لە ساڵی 2014ـەوە کێشەی دادگا لەنێوان عێراق و تورکیادا هەیە، ئامانجیان ئەوەیە بە زووترین کات بۆری نەوتی جەیهان چالاک بکەنەوە.
بایراکتار، ئاشکراشی کرد، بۆری نەوتی جەیهان بە شەش پاریزگای زیانلێکەوتووی بومەلەزرەکانی 6ـی شوباتی 2022 تێدەپەڕێت، دوای بومەلەرزەکان لە رێگای تیمە تەکنیکییەکانەوە پشکنینیان بۆ بۆریەکە کردووە، ئەو شوێنانەی کە کێشەیان هەیە لە نزیکترین کاتدا چارەسەر دەکرێن.
بەیانی رۆژی پێنجشەممە 24ـی ئابی 2023، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، ئاڵپئارسڵان بایراکتار بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان و لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشوازی لێکرا.
پاش ئەوەی بایراکتار بەشداری لە کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیادا کر، لە پەیامێکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، باسی لە دیدارەکە کرد.
بایراکتار لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: ''ئەمڕۆ لە هەولێرین بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارە بابەتە هەنوکەییەکان، بەتایبەتی هاریکاریی لە بواری وزەدا. ئامانجمان ئەوەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا زۆر پرۆژە جێبەجێ بکەین لە هەموو بوارەکانی وزەدا، هەر لە نەوتەوە تا غاز کە هاوکاربن بۆ ئاسایشمان''.