عەلی حوسێن: هیچ کەسێک نەیتوانیوە پارتی و سلێمانی لەیەکتر جیابکاتەوە

عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان
عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 - هەولێر:

بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایدەگەیەنێت، زۆرینەی خەڵک متمانەیان بە پارتی هەیە، هاوکات لەبارەی رێکەوتنی هەولێر و بەغداش گوتی: جێبەجێنەکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لە بەرژەوەندی عێراق نییە، سەبارەت بە پەیوەندی پارتی و یەکێتی، ئاماژەی بەوەدا، لەنێوان پارتی و یەکێتی خاڵی هاوبەش هەیە، هەروەها پارتی دەرگای بەرووی هەموو لایەنەکان بۆ گفتوگۆ کراوەتەوە.

عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، رایگەیاند، ئەمڕۆ مەکتەبی رێکخستنی پارتی 96 پارچە زەوی بەسەر کەسوکاری شەهیدانی شەڕی دژ بە داعش لە سنووری پارێزگای سلێمانی دابەشکرد، ئەم دابەشکردنەش قۆناغی دووەم بوو، قۆناغی سێیەمیش ماوە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەستپێدەکەین.

لەبارەی پێگەی پارتی سلێمانی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاشکرایکرد، هیچ کەسێک نەیتوانیەوە پارتی و سلێمانی لەیەکتر جیابکاتەوە، بەهۆی ئەوەی پارتی بوون لە سلێمانی واتە بیر و باوەڕ، هەروەها شانازی دەکەن بە درێژای 77 ساڵی تەمەنی  پارتی دیموکراتی کوردستان تا ئێستا خەڵکی متمانەیان بە پارتییە و پارتیش حزبی ژمارە یەکی کوردستانە.

ئاماژەی بەوەشدا، "رێگری زۆر لە ئاستی ئیدارەی لە پارێزگای سلـێمانی بەرامبەر بە پارتی هەبووە، هەر ئەمەش وایکردووە وەک پێویست نەتوانیین خزمەتی خەڵکی ئەم دەڤەرە بکەین، بەڵام لە ئێستادا خەڵکی ئەم دەڤەرە بۆی روونبووەتەوە ئەگەر پارتی ئیراهبی فکری دژی ئەنجامنەدرێت لەم دەڤەرە دەرفەتی پێبدرێت زیاتر خزمەتی خەڵکی سلێمانی دەکات، پێموایە خەڵکەکە لەو پەیامە گەیشتووە".

بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان، داواکارە خەڵکی سلێمانی پشتگیری لە پارتی بکەن و بۆ ئەوەی لە ماوەی داهاتوو پارتی بتوانێت زۆترین خزمەت بە خەڵکی ئەو دەڤەرە بکات.

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، عەلی حوسێن گوتی: لە دوای 2003ـەوە سەرجەم رێککەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی نێوان هەولێر و بەغدا وەک پێویست جێبەجێ نەکراوە، هەمیشە عێراق لە رێککەوتن و بەڵێنەکانیان بەرامبەر بە کوردستان پاشگەز بوونەتەوە.

گوتیشی: ئێمە ماندووبووین لەوەی ئەوەندە رێککەوتنیان لەگەڵ ئەنجامبدەین و ئەوانیش بۆ سەرەتا رازی دەبن و بەڵام دواتر پەشیمان دەبنەوە لە رێککەوتنەکان، عێراق هیچ کاتێک پابەندی دەستوور نەبووە بەرامبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان.

بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: ئەگەر لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت پابەند نەبن بە رێککەوتنەکانیان لەگەڵ هەرێم، ئەوا عێراقیش سەقامگیر نابێت.

باسی لەوەشکرد، هەمیشە کاریگەری نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی لەسەر عێراق هەیە کە لەگەڵ هەرێم پەیوەندییەکانی باش نەبێت، هەروەها هەندێک گروپی بەرژەوەندیخواز هەیە کە نایەوێت هەرێم و بەغدا رێککبکەون.

سەبارەت بە رێگری حەشدی شەعبی لە کەرکووک لەبەرامبەر گەڕانەوەی پارتی بۆ بارەگاکانیان، عەلی حوسێن، رایگەیاند، ئەوەی روویدا لە کەرکووک کاتییە بەم زووانە چارەسەر دەکرێت، دەبێت بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت و رێگای دیکە لە بەرژەوەندی کەس نییە.

هاوکات راشیگەیاند، ئەگەر بیانەوێت زیان بە پارتی بگەیینن ئەوا زیان بەخۆیان دەگات، هەروەها ئەوە دەیکەین لە بەرژەوەندی ئەوانیش نییە.

لەبارەی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان و یەكێتی دوو حزبی جیان و بیرکردنەوەشیان جیاییە، بەڵام کۆمەڵێک هۆکار هەنە وادەکەن کە پێکەوە بین لە سەرووی هەموویان خەڵکی هەرێمی کوردستان.

گوتیشی: لە نێوانماندا خاڵی هاوبەش زۆر هەیە، خاڵە ناکۆکەکانیش لەنێوانمان نابێتە گرفت هەوڵدەدەین بە رێگای دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەری بکەین، لە دانیشتنەکانی داهاتووشمان باس لە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین، کە پیش هەڵبژاردن چۆن بین و دوای هەڵبژاردنیش بەو شێوەیە بین.

هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، پارتی دەرگای بەڕووی هەموو لایەنەکان کراوەتەوە بۆ گفتوگۆ، خاڵی هاوبەش لەنێوان پارتی و لایەنەکان هەیە.