رێز لە تەمەنی هونەری چوار هونەرمەند گیرا

K24 - هەولێر:

لە رێوڕەسمێکدا رێز لە تەمەنی هونەری چوار موزیسیان کورد گیرا و چەپکە گوڵی وەفایان پێشکەش بە هەریەک لە هونەرمەندان "چەتۆ نەورۆز، فڕانسیس داوود، سەڵاح رەئووف و سەباح زاخۆیی" کرد.

لە میانی وتارێکیشدا وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمی رێزلێنان لە چوار هونەرمەندی پێشەنگی بواری میوزیک، رایگەیاند، هەمیشە لاوک، حەیران، هۆرە، ئاڵاوەیسی، سیاچەمانە و ئای ئای بەرەنگاری هێرشی هەمەلایەنەی موزیکی بێگانە بوونەتەوە و سەدان شاکاری هونەرییان بەرهەم هێناوە، کە هەتا هەتایە لە ویژدانماندا بە زیندوویی دەمێننەوە.

حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حوکەمەتی هەرێمی کوردستان بۆ کوردستان24 گوتی: کورد و میوزیک پەیوەندییەکی ڕیشەیی رۆح و ویژدانی لە نێوانیاندا هەیە تا رادەی ئاوێتەبوونی سرووتییانە، هەروەها ئەم پەیوەندییە قووڵەیە، کە رۆچووەتە هەموو جەستە و رۆحی ئەم نەتەوەیە.

گوتیشی: لە خۆڕا نییە، کە لە ئایینی یارساندا، لەم ئایینە هەرە دێرینەی کورددا، میوزیک کۆڵەکەیەکی هەرە بنەڕەتی سرووتی ئایینییە و ئەو بڕوایەیان هەیە، کە کاتێ مرۆڤ لەدایک دەبێ تەنیا جەستەیەکی بەتاڵە و دەبێ تەمبوورژەنان ئاواز بژەنن بۆئەوەی فریشتەکان بێن و رووح بە بەری ئەم کۆرپەلەیەدا بکەن و دوژمنانی کورد بە زمان و هونەری فرە رەنگیان، تەنانەت بە شێواندن و دزینی بەرهەمی رەسەنی ئێمە، هەر نەیانتوانیوە کولتووری ئەم نەتەوەیە بسڕنەوە و لاوک و حەیران، هۆرە، ئەڵڵاوەیسی، سیاچەمانە و ئای ئای بەرەنگاری هێرشی هەمەلایەنەی میوزیکی بێگانە بوونەتەوە و سەدان شاکاری هونەرییان بەرهەمهێناوە، کە هەتا هەتایە لە ویژدانماندا بە زیندوویی دەمێننەوە.

٨
٠