مانۆڕێکی مووشەکی لە نێوان واشنتن و سیئۆل و تۆکیۆ لە باشووری نیمچە دوورگەی کۆریا بەڕێوەچوو

.
.

K24 - هەولێر

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی، کۆریای باشوور و ئەمەریکا و ژاپۆن رایانگەیاندووە، ئەمڕۆ سێشەممە، مانۆڕی بەرگری سێ مووشەکییان ئەنجامداوە، ئەمەش وەکو کاردانەوەیەک لەبەرامبەر کۆریای باکووردا کە لەهەفتەی رابردوودا مووشەکێکی بۆ بۆشایی ئاسمان هەڵدا.

مانۆڕەکان لە دوورگەی جیجو، ​​لە باشووری وڵاتەکە ئەنجامدراون، دوای ئەوەی هەوڵی پیۆنگ یانگ بۆ هەڵدانی مووشەکی "چۆلیما-1"ی خۆی، کە بە مانگی دەستکردی سیخوڕی سەربازیی ناوی دەهێنا، شکستی هێنا، کە ئەمەش دووەم شکستی ئەم وڵاتەیە بۆ هەڵدانی مانگی دەستکردی سیخوڕی سەربازی.

هێزی دەریایی کۆریای باشوور ڕایگەیاند، مەشقەکان لە وەڵامی هەڕەشە پێشکەوتووەکانی کۆریای باکوور و مووشەکەکانی ئەنجامدراون، گوتیشی: هەڵدانی مووشەکی کۆریای باکوور لە هەفتەی ڕابردوودا، کە پێشێلکردنی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە، کە قەدەغەیە هەر جۆرە مووشەکێکی بالیستیکی تەکنەلۆژی تاقیبکرێتەوە.

هەروەها لە مەشقەکاندا سیستەمی هاوبەشکردنی زانیارییەکانیان تاقیکرایەوە وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ بەڕێوەبردنی سیستەمێک بۆ هاوبەشکردنی داتاکانی هۆشداری مووشەکی کۆریای باکوور، کە سەرکردەکانی هەرسێ وڵات لە لوتکەی کۆبوونەوەی سەرەتای ئەم مانگەدا پشتڕاستیان کردەوە.

دوایین جار کە ئەو سێ وڵاتە مانۆڕی بەرگری مووشەکی لەم جۆرەیان ئەنجامداوە، مانگی تەمموزی ساڵی رابردوو بوو.