ئەمساڵ 1688 مۆڵەتی بازرگانی لەگەڵ تورکیا بە بازرگانان دراوە

دەروازەی ئیبراهیم خەلیل - ئەرشیف
دەروازەی ئیبراهیم خەلیل - ئەرشیف

K24 - هەولێر

قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە فراوانبوونە و تەنیا لەمساڵدا 1688 مۆڵەتی بازرگانی کردن لەگەڵ تورکیا بە بازرگانان دراوە.

نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بە کوردستان24ی راگەیاند، قەبارەی بازرگانی هەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیا لە فراوان بوونە لە رێگەی دەروازە سنورییەکانەوە و لە ماوەی ئەمساڵدا تەنیا لە رێگەی دەروازەی سنوری ئیبراهیم خەلیلەوە 1688 مۆڵەتی بازرگانییان داوە بە بازرگانان.

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ئاماژەی بەوەشدا، کاڵای هاوردەکراو لە وڵاتی تورکیاوە لە هەموو کاڵا خۆراکی، پیشەسازی، کیمیاوی، ئاژەڵ و ئۆتۆمبێل پێکدێت، ئەو کاڵایەنەش کە تورکیا لە هەرێمی کوردستان هاوردەیان دەکات بریتین لە کەرەستەی سیکراب و لە کارکەوتوو کانزاکان.

نەوزاد شێخ کامیل راشیگەیاند، بە ئامانجی فراوانکردنی مامەڵە بازرگانیەکان  کار بۆ ئەوە دەکەن دەروازەی سنووری زیاتر لەگەڵ تورکیا بکەنەوە.